لە دێرەزۆر داواکرا ھەموان شانبەشانی قەسەدە بوەستن

ئەنجوومەنی مەدەنی دیموکراتیکی دێرەزۆر داوای لە خەڵکی ھەرێمەکە کرد، شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بوەستنەوە، کە ئۆپەراسیۆنی 'چەسپاندنی ئاسایش'یان لە ناوچەکە دەستپێکردووە.

ئەنجوومەنی مەدەنی دیموکراتیکی دێرەزۆر لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای پشتیوانی لەو هەوڵانە کرد، کە ئامانج لێیان چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکەیە.

لە ڕاگەیەندراوەکی ئەنجوومەنی مەدەنی دیموکراتیکی دێرەزۆردا ھاتووە:

"هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئۆپەراسیۆنی چەسپاندنی ئاسایشیان لە گوندەکانی دێرەزۆر دەستپێکردووە. ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە شکستپێهێنانی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و وشکاندنی سەرچاوەکانیانە. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر داوای دانیشتوان و پیاوماقوڵانی دێرەزۆر ئەنجامدراوە، بەمەبەستی پتەوکردن و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە. هاوکات ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ڕێگریکردنە لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەوڵی هێرشکردنە سەر هەرێم و دانیشتوانەکەی دەدات و دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بشێوێنێت و خزمەت بە بەرژەوەندی وڵات و لایەنە دەرەکییەکان بکات، کە ئامانجیان لاوازکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پێشکەوتنی ناوچەکانمانە.

لەسەر ئەو بنەمایە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین شانبەشانی هێزەکانیان بوەستن، کە پارێزگاری دەکەن و ئەرکی ئەخلاقی خۆیان بەرامبەر بە خەڵک جێبەجێ دەکەن. هەروەھا داوا دەکەین پشتیوانی لەو هەوڵانە بکەین، کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.

ئێمە بەڕێوەبەری مەدەنی دیموکراتیکی دێرەزۆر پاڵپشتی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانج لێیان پتەوکردن و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریە لە ھەرێمەکەدا. لە هەمان کاتدا، جەختدەکەینەوە، لە خزمەتکردنی خۆبەڕێوەبەری و پڕۆژەی دیموکراتیکمان بەردەوام دەبین".

ژ.ن