لە دیمەشق یادی زیلان کرایەوە

لە ٢٧ەمی ساڵیادی شەهیدبوونی زیلاندا لە دیمەشق بە مەراسیمێک یادی کرایەوە

زەینەب کناجی (زیلان) لە ٢٧ەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا لە دیمەشقی پایتەختی شام بە مەراسیمێکی شکۆمەند یادی کرایەوە. بەسەدان کەس لە دانیشتوانی گەڕەکی زۆراڤای دیمەشق بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد. لە مەراسیمەکەدا وێنەکانی زیلان، ئاڵاکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆنگرەی ستار بەرزکرابوونەوە.

لە یادەکەدا ئەندامی کۆنگرەی ستار لە دیمەشق کیفا عەزیز نامەی زیلانی خوێندەوە کە بەر لە چالاکییە گیانبازییەکەی نوسیبووی.

دواتر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار بەرچەم یوسف یادی زیلانی کردەوە و وتی، "شەهید زیلان بووە پێشەنگی ئازادی لە مێژووی تێکۆشاندا و چالاکی ئەو بووە نمونە بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز". بەرچەم زیلان بەڵێنیدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ژنان و گرتنەبەری رێگەی شەهید زیلان تا دەستەبەرکردنی ئازادی ژنان.

دوای وتەکان بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی زیلان نمایش کرا و یادەکە بە دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' کۆتایی هات.

هـ . ب