لە عەفرین ٥ کەس ڕفێنران، دار زەیتونەکان تاڵانکران

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەکانی عەفرین ٥ کەسیان ڕفاند، لانیکەم ١١٠ دار زەیتونیشی بڕی.

ناوەندی تاوانی بە ناو (پۆلیسی سەربازی) کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە پشتگیری لێدەکرێت، ٢ هاوڵاتی گوندی مەمیلای مابەتای ڕفاند.

ناوی دوو کەسەکە بەم شێوەیەیە: مستەفا موراد زێبار (٦٥) و ئیدریس محەمەد بەکۆ (٤٥).

چەتەکان لە جیاتی ئازادکردنیان فیدیەکان لە خانەوادەکانیان دەوێت. چەتەکان هەروەها ٢ گەنجی دیکەیان بە ناوی حسێن وەلید (٢٨) و ئەکرەم زوهێر حسێن (٢٩) لە گوندی نسریەی جندرێس ڕفاند.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین هاولاتیەکیان بە ناوی کاوە محەمەدعومەریان ڕفاند و بەرەو شوێنێکی نادیار برد.

هەروەها چەتەکانی سەر بە گروپی تیرۆریستی نورەدین زەنگیش دار زەیتونی هاوڵاتیەکیان بە ناوی ئەحمەد حەنان بڕیتەوە.

چەتەکانی سوڵتان مورادیش  نزیکەی ٧٥ دار زەیتونی هاوڵاتیەکیان بە ناوی حسێن ئەمین لە گوندی قورت قولاقی ناوچەی شەرایان بڕیەوە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرینیان داگیر کرد، دەستیان بە کوشتن، دەستدرێژی، ڕفاندنی هاوڵاتیان و بڕێنی داری هاوڵاتیان و تێکدانی سروشت و گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین کردووە.

ف.ق