لە عەفرین لە ماوەی ٤ ساڵدا ٦٨٦ هاوڵاتی کوژراون

لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ٦٨٦ هاوڵاتیی مەدەنییان لە عەفرین کوشتووە.

لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ٦٨٦ هاوڵاتیی مەدەنییان لە عەفرین کوشتووە و هەشت هەزار ٤٥٥ هاوڵاتیشیان ڕفاندووە، نیوەی زیاتری ئەوانەی ڕفێندراون چارەنووسیان نادیارە، دەیان زیندانییش لەلایەن داگیرکەرانەوە لە شارەکە دروستکراون.

ئەمڕۆ ١٠ی کانونی یەکەم ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، بەڵام عەفرین کە بەهۆی بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیهان لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨دا داگیرکراوە، بۆ ناوەندێکی تاوان لەدژی مرۆڤایەتی گۆڕاوە و شکۆی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت.

لە عەفرین ، رۆژ نییە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی وەک داعش و ئەنوسرە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام نەدەن.

لە ٢٠ی ١ی ٢٠١٨ کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین هەتا ئێستا، ٦٨٦ هاوڵاتی مەدەنیی بەهۆی هێرش و بۆردوومان و ئەشکەنجەی سوپای تورک و چەتەکانییەوە کوژراون، بەپێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین، ٨٨ کەس لەو هاوڵاتییانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

لانیکەم ٩٦ ژن لەلایەن داگیرکەرانەوە کوژراون، لەوانە حەوتیان بەهۆی ئەشکەنجە و دەستدرێژیی جنسییەوە خۆیان کوشتووە، ئەمە جگەلەوەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر ٧١ ژن.

تەنها لەساڵی ٢٠٢١دا ٤٩ هاوڵاتی مەدەنیی لەلایەن سوپای تورک و چەتەکانییەوە کوژراون، لەوانە ١٣یان ژنە و ١٣یان منداڵن، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئاشکرایکردووە، شەش لەو کەسانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، کە دوانیان ژن بوون.

بەر لە داگیرکردنی عەفرین ٩٦٪ی دانیشتووانەکەی کوردبوون، بەڵام ئێستا ڕێژەی کورد لەو شارە تەنها ٢٣٪ـە، هاوکات لەکۆی ١٥ هەزار عەلەوی تەنها ٢٠٠ کەس، لە ٢٥ هەزار ئێزدیی تەنها دوو هەزاریان لە عەفرین ماون.

ئەوە جگە لەوەی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بۆردوومانی شەهبا دەکات، کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئاوارەی عەفرینی لێ نیشتەجێ بوون.