لە عەفرین و گرێ سپی پاکتاو ئیتنیکی و دروستکردنی ناوچەی نیشتەجێبوونی داگیرکەری زیادی کردووە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە عەفرین لەماوەی مانگێکدا لانیکەم ٣٥ کەس رفاندووە و لەوانە چواریان ژنن، هەروەها لە چوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوی ئیتنیکیدا بە زۆرەملێ پەنابەران لە گرێ سپی نیشتەجێ دەکات.

بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا، دەوڵەتی تورک لە مانگی تەمووزدا ٣٥ کەسی لە عەفرین رفاندووە کە کە چوار ژنیش لە ناو ئەو رفێندراوانەدان.

لەماوەی حەوت مانگدا ١٤٣ کەس رفێندراون

بەگوێرەی رێکخراوەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە تاکۆتایی مانگی تەمووز ١٤٣ کەس لە هەرێمی عەفرین رفێنراون، کە ٢٠ کەسیان ژنن.

لە راپۆرتەکەدا وردەکاری زۆر لە بارەی تاوانەکانی دیکە لە عەفرین خراوەتەڕوو.

مانگی تەمووز لە کانتۆنی عەفرین زیاتر لە ٢ هەزار و ٣٦ داری زەیتون، هەنار و داری دیکە بڕدراونەتەوە.

لەناوچەی شێراوا زیاتر لە ٢٥٠ داری زەیتون سوتێنراون.

زیاتر لە ١٦ هەزار دار بڕاونەتەوە، بە دەیان هەزار هێکتار زەوی سوتێنراون

لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ١٥ هەزار و ٥٠٠ داری زەیتون، گوێز، بادەم و میوە و داری خۆڕسک بڕاونەتەوە، زیاتر لە هەزار دار لە ریشەوە دەرهێنراون و ٧٠ هەزار هێکتار زەوی گەنم و جۆ سوتێنراون.

کۆلۆنی و دیوار ساز دەکرێن

لە عفرین گۆڕینی دیموگرافیا و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆلۆنیالیستی و داگیرکەری بەردەوامە.

بە گوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین و سوریا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رێگەی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینەوە لە چوارچێوەی گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمەکە ٢ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کۆلنیالیستی دیکەی لە ناوچەکانی شەرا و جندرێس دروست کردووە، هەروەها بۆ دابڕاندنی ناوچە داگیرکراوەکان لە ناوچەکانی دیکەی سوریا و بۆ ئەوەی بیخاتە سەر خاکی خۆی دیواری لە ناوچەی سشێراوا دروست کردووە.

بە گوێرەی رێکخراوەکە، رێکخراوی قەتەری بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێکردنی کۆلۆنیالیستی لە گوندی ئەلکێی ناوچەی شەرا گەیاندووەتە کۆتایی. کارەکانی دروستکردنی ئەو کۆلۆنیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەستی پێکرابوو.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاری رێکخراوی ئیخوانی فەلەستینی کۆمەڵگەیەکی داگیرکەری نوێی لە ناوەندی ناوچەی جندرێس بە ناوی "کۆمەڵەی حەجەر ئەلسەدەقە"ی تورکی دروست دەکات، بۆ ئەوەی سەدان بنەماڵەی چەتەکانی تێدا نیشتەجێ بکات.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاژانسەکەمان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە زۆرەملێ زیاتر لە ٢ هەزار بنەماڵە لە دەروازەی گوندی حەمامی ناوچەی جندرێسی ناردووەتە عەفرین لەوێ نیشتەجێی کردوون.

بشێوی و ئاژاوەی ئەمنی لە عەفرینی داگیرکراو رۆژانە زیاتر دەبێت؛ هەموو رۆژێک چەتەکان لە سەر دابەشکردنی ئەو شتانەی لە هاووڵاتیانی دەستێنن، ماڵ و موڵکی کۆچبەران و زاڵبوون لەسەر رێگا قاچاخەکان پەلاماری یەکتر دەدەن.  

گۆڕینی دیموگرافیا لە گرێ سپی

لە کانتۆنی گرێ سپی گۆرینی دیموگرافیا زیادی کردووە. سەرچاوەکان لە کانتۆنی گرێ سپیی داگیرکراو ئاشکرایان کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ١٩١ پەنابەری سوریای لە سەرەتای ئابەوە بە زۆرەملێ ناردووە بۆ گرێ سپی و لەوێ نیشتەجێی کردوون. بەشی یەکەم ١٦١ کەس بوون و لە ٢ی ئابدا نیشتەجێکران و بەشی دووەمیش لە ٣ی ئابدا (٣٠ پەنابەر) رادستی چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" کران.

ئەو پەنابەرە سوریانە کە بەزۆرەملێ دەوڵەتی تورک رەوانەیان دەکات، لە ماڵەکانی کانتۆنەکە و گوندەکانی دەوروبەری نیشتەجێ دەکرێن و زۆرینەیان خەڵکی حەلەب، حەما، ئیدلب، ریفی دیمەشق و دێرەزورن.

ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نیشتەجێکردنی بیانیەکان لە هەرێمە داگیرکەراوەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی، گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمەکەیە. لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٢ هەزار بنەماڵە لە تورکیاوە بەرەو هەرێمە داگیرکراوەکان گواستراونەتەوە.

کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک رایانگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سوری لە هەرێمەکانی جەرابلۆس، عەزار، عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ دەکەن.

هـ . ب