لە هەرێمی فورات ٥٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن

بۆ ئەمساڵ لە ١٥ شارەوانی سەر بە هەرێمی فورات ٥٠ پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن، کە خۆیان لە قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاکان و چەندین پڕۆژەی راکێشان و فراوانکردنی تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو دەبینەوە.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی هەرێمی فورات فەواز ئەحمەد لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "بەهۆی تێکچوونی هەندێک بەشی رێگاکانەوە دەستیان بە قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە رێگەکان کردووە. لەئێستادا لە کۆبانێ لە گەڕەکەکانی شەهید، خەبات، کانی کوردان، بۆتان غەربی و لەناوچەی شێرانێ پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و دوای ناوچەی شێرانێ لە چەند ناوچەیەکی دیکەش دەست بە قیرتاوکردن دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو کە جیا لە نۆژەنکردنەوەی هەندێک لە رێگاکان، چەند رێگەیەکی نوێش بە تایبەتی لە نێوان گوندەکان قیرتاو دەکرێن.

لەکۆی ئەو ٥٠ پڕۆژە خزمەتگوزارییەی لەمساڵدا جێبەجێ دەکرێن بەشێکیان پرۆژەی گەیاندنی ئاو و فراوانکردنی تۆڕی گواستنەوە و کۆگای ئاون و لەو بارەشەوە فەواز ئەحمەد وتی، تا مانگ و نیوێکی دیکە پرۆژەی کۆگای ئاوی مشتەنور کە لە قۆناغی دووەمدایە تەواو دەکرێت و چەند گەڕەکێکی کۆبانێ کە بێ ئاون لێی سودمەند دەبن و دەبەسترێنەوە بە تۆڕی ئاوی شارەکەوە و بەوەش داواکاری و چاوەڕوانیەکی دانیشتوان دێتەدی.

هەروەها پڕۆژەی گەیاندنی ئاو و بەستنەوەیان بە تۆڕی ئاو لە پێنج گوندی ناوچەی شێرانێش جێبەجێ دەکرێن، بەهەمان شێوە چەندین گوندی سەر بە کانتۆنی گرێ سپیش ئاویان بۆ دابین دەکرێت و تۆڕی ئاوی ناو شار و شارۆچکەکان فراوان دەکرێت.

بەشێکی دیکە لە پڕۆژەکان تایبەتن بە دروستکردنی پارک و رازاندنەوە و جوانکاری ناوشارەکانن و لەو بارەوە هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی فورات فەواز ئەحمەد وتی، لەم ساڵدا دوو پارکی نوێ دروست دەکرێن، یەکیان لە نزیک بۆتان غەربی و ئەویتریشیان لە گەڕەکی شەهید عەبدۆیە. هەروەها چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی شۆستە و جوانکردنی دەوروبەری جادە و شەقامەکانیش لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمە ئەنجام دەدرێن.

پرۆژەکان لە سەر خواست و داواکاری گەل بە ئەنجام دەگەیەنرێن و لەو بارەوە فەواز ئەحمەد روونی کردەوە، کە سەرەتا پرۆژەکان لە کۆمینەکان ئامادە و پێشکەش دەکرێن و دواتریش وەک دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی فورات بە گوێرەی توانا دەرخستە بۆ پڕۆژەکان دەکەن و دەست بە جێبەجێ کردنیان دەکەن.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی شەڕەوە کۆبانێ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و شارەوانی بە پێی توانا هەوڵەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەکردنەوەی شارەکە خستووەتەگەڕ و پڕۆژەکانی ئەمساڵیش بەو ئاراستەیەدا هەنگاوی زۆر باش بوون.

لە کۆتاییشدا هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی فورات ئاماژەی بەوەکرد، سەرباری زۆر لەمپەر و هەروەها بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە تیایاندا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکرێنە ئامانج، بەڵام درێژە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەدەن و ئەگەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە نەبن، ئەمساڵ لە رووی خزمەتگوزارییەوە دەبێتە ساڵێک زۆر باش.

هـ . ب