لە هەرێمی فورات گۆشەگیری و هێرشەکان شەرمەزارکرا

سەدان کەس لە هەرێمی فورات ڕێپێوانێکیان ڕێکخست دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئەمڕۆ لە شاری کۆبانێ، سەدان کەس لە هاوڵاتیان و ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی فورات، ڕێپێوانێکیان ڕێکخست بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج لە هەرێمی فورات بە درووشمی "دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورک جەنگی ئازادی سەربخەن، ئازادی جەستەیی ڕێبەر فەراهەم بکەن".

ڕێپێوانەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان وتەبێژی دەستەی گەنجان و وەرزشی هەرێمی فورات، ئەحمەد دەروێش، گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بیسەلمێنین ئێمە دەمێنینەوە و خۆڕاگرین، هەرچی بکات، هەنگاو بۆ دواوە نانێین و لەسەر ڕێگەی ڕاستی بەردەوام دەبین کە ڕێبەر بە هزر و فەلسەفەکەی نەخشاندوویەتی".

دەروێش ڕوونی کردەوە: "هیچ بژاردەیەکمان نییە بێجگە لە بەرخۆدان، بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵدەدەین بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر و ئازادی جەستەیی، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئازادی ئێمەیە".

دەروێش بانگەوازی کە هەمووان کرد، بڕژێنە گۆڕەپانەکان و دەنگ هەڵبڕن دژی دەوڵەتی داگیرکەر و چەتەکان، گوتی: "ئەمڕۆ گەلەکەمان ڕووبەڕووی شەڕی قڕکردن دەبێتەوە، بە یەکێتی و هاوپشتی سەردەکەوین".

پاشان ڕێپێوانێکە لەبەردەم شارۆچکەی شێرانەوە بەرەو شاری کۆبانێ دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمی دژ بە گۆشەگیری و داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان: "بڕوخێ پیلانگێڕی" و "داوەشین بۆ خیانەتکاران" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ".