لە هەرێمی فورات ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد

ھاوشێوەی سەرجەم ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ھەرێمی فوراتیش، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد.

دوێنێ لە ھەرێمی فورات، لە پۆلی یەکەمەوە تا دوانزەی ئامادەیی، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد. بەپێی ئاماری دەستەی پەروەردە و فێرکردن، کە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ بڵاویکردەوە، ٦٣ هەزار و ٧٢٧ خوێندکار لە هەرێمەکە دەستیان بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ کردووە.

ڕوەیدا فەیاد، یەکێک لە خوێندکارانی پۆلی حەوتەم لە خوێندنگەی شەهید سەیدۆ جەختی لە گرنگی خوێندن بە زمانی دایکی کردەوە و وتی: "فێربوون و قسەکردن بە زمانی دایکی زۆر خۆشە، بۆ من زمانی دایکیم هەموو شتێکە، پیرۆزبای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سەرجەم خوێندکاران دەکەم".

ھەروەھا خوێندکار ئەڤیانا ئەحمەد ڕایگەیاند، دەیەوێت ببێتە مامۆستا بۆ ئەوەی بتوانێت نەوەی نوێ پەروەردە بکات و وتی: "دەمەوێت ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ هاوڕێ و مامۆستاکانم بە دڵخۆشی بەسەر بەرم".

ھاوکات خوێندکار ئێڤا عەلی-ش خۆشحالی خۆی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەربڕی وتی: "ئاواتم ئەوەیە ببمە پزیشک. بتوانم گیانی خەڵک ڕزگار بکەم".

ژ.ن