لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا لە قامیشلۆ چوار شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فرۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردەسەر ئۆتۆمبێلێک لە قامیسلۆ. قەسەدە رایگەیاند لە هێرشەکەدا ٤ شەڕڤانیان شەهیدبوون.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لەبارەی هێرشەکەی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک لە دژی کانتۆنی قامیشلۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"لە نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی داعش لە شەنگال جارێکیتر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر فەرماندە و شەڕڤانانمان کە بە درێژایی ساڵانی رابردوودا لە دژی رێکخراوە تیرۆریستیەکان جەنگابوون. هەروەها دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کاتژمێر ١٩:١٥ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٣ی ئاب ئۆتۆمبێلێک کە شەش فەرماندە و شەڕڤانی ئێمەی تێدابوون لە سەر رێگەی گوندی هەرمێ شێخۆی قامیشلۆ بۆردومان کرد. ئەو شەڕڤان و فەرماندانە مۆڵەتیان وەرگرتبوو دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. لە ئەنجامدا ٤ شەڕڤان شەهیدبوون و دوو شەڕڤانیش برینداربوون.

یەک لە هاوڕێیانمان فەرماندەیە و ناوی ئەو ئارام محەمەد ئیبراهیمە و کە یەک لە هاوڕێ کەمئەندامەکانمان بوو. بەشێک لە جەستەی لە شەڕی دژی رێکخراوی داعشدا لەدەستدابوو. ئەوانی دیکەش هاوڕێیان دیار جومعە خەلیل، ئەحمەد فازڵ سمۆ و بەرزان مستەفا شێخموسن، کە بە درێژایی ساڵانی رابردوودا لە پێناو پاراستنی هەرێم و گەلەکەیان تێکۆشابوون و رۆڵی کارایان لە هەموو شەڕەکان لە دژی تیرۆر هەبوو.

دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە".

هـ. ب