لە هێرشێکی ئەمریکادا سەرچەتەیەکی داعش و دوو چەتەی سەر بە ئەنقەرە کوژران

هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا سەرچەتەیەکی داعشیان کردەئامانج. لەهێرشەکەدا دوو چەتەی گروپێکی سەر بە ئەنقەرەش کوژران.

لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی سەربازی ئەمریکا لە رژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) هاتووە، کە بە هەلیکۆپتەر هێرشیان کردووەتە سەر گۆڕەپانێکی باکوری سوریا و سەرچەتەیەکی داعشیان کردووەتە ئامانج، کە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی چەند هێرشێک لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بە ئەگەری زۆر ئەو سەرچەتەیەی داعش لە هێرشەکەدا کوژراوە.  

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ئۆپراسیۆنەکەدا دوو کەسی دیکەی چەکداریش کوژراون و لەبارەی ناسنامەی کوژروەکانەوە زانیاری رانەگەیەندراوە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا مەدەنییەکان و سەربازانی ئەمریکی بێ زیان بوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس ئۆپراسیۆنەکە لە ناوچەی سوەیدا ئەنجامدرا و 'گروپێکی تورک رایگەیاند کە لەو ناوچەیە دوو چەکداریان لە رووداوێکدا کوژراون'.

روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە لەندەنە باسی لەوەکرد کە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا 'شەڕێکی دژوار' روویداوە و بینایەک بۆردومان کراوە کە ئەندامەکەی داعشی تێدابووە و لەو شەڕەدا داعشەکە و دوو چەکداری دیکە کوژراون.

لەسەرەتای نیساندا سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو کە توانیویانە خالید عید ئەحمەد ئەلجبوری سەر بە داعش بکوژن کە بەرپرسی چەند هێرشێک بووە لە ئەوروپا.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩شدا سەرچەتەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچەیەکی ژێر داگیرکەری تورکیا لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا.

هـ .ب