لە حەسەکە ١٢٢ شەهید یادکرانەوە

ئەمڕۆ، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە و سەرێکانی یادی ١٢٢ شەهیدیان بەرزڕاگرت کە لە مانگی تەمموزدا شەهیدبوون.

لە مەراسیمەکەدا لە هۆڵی ڕەشۆ لە شاری حەسەکە، سەدان هاوڵاتی شارەکە و بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە، مەحمود جەواد، لە وتەیەکدا یادی هەموو شەهیدانی بەرزڕاگرت، ستایشی تێکۆشانی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد لە قوربانیدانی ڕۆڵەکانیان بۆ پاراستنی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز و دەسکەوتەکانی شۆڕش.

پاشان فەرماندەی مەجلیسی سەربازی حەسەکە، دێرسیم دەرباس، ئاماژەی کرد بە نیازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی هێزە سەربازییەکان بۆ پاراستنی هەرێمەکە.

دەرباس گوتی: "تێکۆشان بەگوڕتر دەکەین تا لەناوبردنی دوژمن و پیلانەکانی بۆ قڕکردن و کوشتنی گەلی هەرێمەکە"

پاشان بە سینفیزیۆنێک وێنەی ١٢٢ شەهیدەکە پیشاندرا و مەراسیمەکە کۆتایی هات.