لە حەسەکە بۆ ٤ شەهید مەراسیم ئەنجامدرا
لە حەسەکە بۆ ٤ شەهید مەراسیمی ماڵئاوایی ئەنجامدرا.
لە حەسەکە بۆ ٤ شەهید مەراسیمی ماڵئاوایی ئەنجامدرا.
بۆ ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ مەروان ئوسۆ و عومەر عابد و عومران حەسونی کە ٢٦ ی ئەیلول لە هێرشی چەتەکانی داعش لەسەر ڕێگەی حەسەکە-هۆل شەهیدبوون، هەروەها شەڕڤانی قەسەدە جانۆ (محەمەد شەمدین) کە ٢٥ ی ئەیلول لەسەر ئەرکەکەی شەهید بوو، مەراسیمی ماڵئاوایی ئەنجامدرا.
شەڕڤانانی قەسەدە و ئەندامانی هێزەکان ئاسایشی ناوخۆ و بزووتنەوەکانی گەنجان و ژنان و دانیشتووان بەشداری مەراسیمەکە بوون لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی شاری حەسەکە.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان و نمایشی سەربازیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لەسەر ناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە، فاتمە عەلی قسەی کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد.
فاتمە ڕایگەیاند شەهیدان پایەی بنیاتنانی وڵاتن و بە خوێنی خۆیان وڵات ئاو دەدەن. ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانن بە قسە وەسفی شەهیدان بکەن.
لە فەرماندەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەسەن قەرۆ ڕایگەیاند ئیرادە و پێداگریی خۆیان لە شەهیدانەوە وەردەگرن. بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان تا بەدیهاتنی خەونی ئازادی و دیموکراسی.
پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، بنەماڵەکانیان جەختیان کردەوە سەربەرزن بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان و درێژە بە ڕێگەکەیان دەدەن.
تەرمی شەهید مەروان ئوسۆ و عومەر عابد و محەمەد شەمدین لە گۆڕستانی شەهید دژوار بەخاک سپێردرا. تەرمی شەهید عومران حەسونی بە درووشمی "شەهید نامرن" بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی شاری شەدادی بەڕێ کرا.