لە حەسەکە خێوەتی سەرەخۆشی بۆ ٥ شەهید دانرا

گەلی حەسەکە بەشداربوون لە مەراسیمی سەرەخۆشی ٥ شەهید، دووپاتیان کردەوە، شەهیدان لەپێناو ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە گیانی خۆیان بەخشی، بانگەوازیان کرد بۆ یەکڕیزی دژی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئەمڕۆ سەدان کەس لە شاری حەسەکە و دەوروبەری، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان و پارتە سیاسییەکان، ڕوویانکردە خێوەتی شەهیدان "حەسنا موسا محمد (ئاڤاشین حەسەکە)، وەهبە عەبدولقادر بەکر (هیبە حەسەکە)، بێریڤان عەبدول خەڵەف (بێریڤان حەسەکە)، ئامینە نەبۆ سلێمان (دیلا کۆبانێ)، بۆ سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژە، ئەم چوار شەڕڤانە لە ٢٧ ی تەمموز بە ڕووداوێک شەهیدبوون لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکە سەربازییەکانیان لە شاری حەسەکە.

هەروەها هاوڵاتی وەعد خەڵوف لە ٢٧ تەمموز، بەهۆی بەئامانجگرتنی دوو ئۆتۆمبیل لەلایەن داگیرکەری تورک لە شارۆچکەی تەل مەعروف شەهیدبوو.

مەراسیمەکە بە پێشەنگایەتی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد.

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە حەسەکە، ڕۆژدا ئەحمەد، لە وتەیەکدا ئاماژەی کرد بە فیداکاری شەهیدان لەپێناو ئارامی و ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها ڕوونی کردەوە، پەیوەندیکردنی شەهید حەسنا بە شۆڕشەوە، ڕێگەی کردەوە بۆ ژنان تا پەیوەندی بکەن بە یەپەژەوە، لەپاڵ کارکردن لە دامەزراوە مەدەنییەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بنەماڵەی پێنج شەهیدەکە، بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزن و خزمەتی زۆریان پێشکەش کردووە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا.

لای خۆیەوە فەرماندە لە مەجیلسی سەربازی حەسەکە، ستێرک جودی، تیشکی خستە سەر قوربانیدانی گەل لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوتی: "پێنج شەهیدەکە گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ستێرک داوای لە پێکهاتەکان کرد یەکڕیزبن بەرامبەر پیلانەکانی داگیرکەری تورک. بەڵێنی دووپاتکردەوە بە بەردەوامیدان بە ڕێگەی شەهیدان تا ئازادکردنی سەراپای خاکە داگیرکراوەکان.

پاش خوێندنەوەی ناسنامەی شەهیدان و ڕادەستکردنی بە بنەماڵەکانیان، مەراسیمەکە کۆتایی هات.-