لە حەسەکە تەرمی شەهید ئادار بەخاکسپێردرا

گەلی حەسەکە بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید ئادار جودی لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا شەهید شۆڕش سەرهەڵدان یادکرایەوە.

سەدان کەس لە شاری حەسەکە و دەوروبەری بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەڕڤانی یەپەژە، شیرین عەلی (ئادار جودی). لە ٢٧ ی تەمموز لە شاری حەسەکە لەکاتی ئەرکەکەیدا تووشی ڕووداوێک هات، سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، بەڵام لە ٣١ ی تەمموز شەهید بوو.  

ئامادەبووان لەبەردەم بارەگای مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری حەسەکە تەرمەکەیان وەرگرت و بە کاروانێکی مەزن ڕوویانکردە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان ڕۆژدا ئەحمەد بەناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانەوە، گوتی: "شەهیدان لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی ستەمکاردا سەرکەوتن لەپێناو پاراستنی خاکی نیشتیمان".

ڕۆژدا دووپاتی کردەوە، لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبن تا شکاندنی هەموو هێرش و دوژمنکارییەکان بۆ سەر خاکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەدیهێنانی سەرکەوتن.

لای خۆیەوە فەرماندە لە مەجلیسی سەربازی کانتۆنی حەسەکە، ڤیان وڵات، گوتی: "سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی شەهیدان شۆڕش سەرهەڵدان و ئادار جودی دەکەین، کە لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش دژی دوژمنکارییەکانی دەوڵەتی تورکی ستەمکار لە چیاکانی کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهید بوون".

ڤیان بەڵێنی بۆ دایکی شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دووپات کردەوە، لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبن تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و گەڕاندنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکان.

لە مەراسیمەکەدا، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە، ناسنامەی گەریلای هەپەگە، ساڵەح عەواد (شۆڕش سەرهەڵدان)ـی ئاشکرا کرد کە ١٩ ی تەمووز لە مەتینا شەهید بوو.

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، گوڵچین ئەحمەد، ناسنامەی هەردوو شەهیدی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەیانی کرد.

لەنێو هەلهەلەی دایکاندا، تەرمی شەهید ئادار جودی لە گۆڕستانی شەهید دژوار بەخاکسپێردرا.