لە کانتۆنی گرێ‌سپی گۆشەگیری شەرمەزارکرا

بە ئامانجی شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە کانتۆنی گرێ‌سپی ڕێپێوان کرا و لەبەردەم مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە عەین عیسا، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

گەنجانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) دژی گۆشەگیری لە کانتۆنی گرێ‌سپی ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم مزگەوتی گەورە دەستی پێ کرد و تا چوارڕیانی شەهید جودی بەردەوام بوو.

بە سەدان کەس بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد. پاشان هاوسەرۆکی گەنجانی پەیەدە لە گرێ‌سپی، سەبری نەبۆ، قسەی کرد. گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزارکرد و بانگەوازی کرد بۆ گەشکردنەوەی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

نەبۆ، بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی شەرمەزار کرد و بانگەوازی لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد، پەیوەست بە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی گەنجانی پەیەدە، بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "بە گیان و خوێن، لەگەڵتین سەرۆک" کۆتایی هات.

عەین عیسا

لەبەردەم ناوەندی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی عەین عیسا ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

ئەندامی بەڕێوەبردنی مەجلیس، نورە ئەحمەد، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بێدەنگی (سی. پی. تی.) و هێزە نێونەتەوەییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە تاوانەکانی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی شەرمەزار کرا، هەروەها بانگەواز کرا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.