لە کۆبانێ ٢٠ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیەدە پیرۆز کرا

لە هەرێمی فورات بە جۆش و خرۆشەوە، ٢٠ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیەدە پیرۆز کرا.

٢٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٠٣، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) دامەزرا. بەو بۆنەشەوە دوێنێ لە ھەرێمی فورات، مەراسیمێکی پیڕۆزبایی بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا لە ھەموو نەتەوەکانی هەرێمەکە و دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بنەماڵەی شەهیدان ئامادەبوون و بە جلوبەرگی کوردی ئەو بۆنەیان پیرۆز کرد.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەھیدان دەستی پێکرد. پاشان ئەحمەد خۆجە، ئەندامی ئەنجومەی گشتیی پەیەدە قسەی کرد و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە هەموو ئەو شەھیدانە کرد کە لەو پێناوەدا گیانیان بەختکردووە و وتی: "پەیەدە لە دۆخی گۆڕانکاری و وەرچەرخان دامەزرا و بەتایبەتی ئەو پڕۆژەیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکرا بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، لەو چوارچێوەیەدا پارتەکەمان لەسەر بنەمایەکی ستراتیژیەکی دیموکراتیک خۆی دامەزراند".

خۆجە لە درێژەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوەش کرد، پەیەدە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان و دیموکراسی دامەزرا و وتی: "هەژموونی دەسەڵاتداری سەرمایەداری قەیرانێکی دروست کرد و هەموو پلانە چەپەڵەکان لەسەر ئەو بنەمایە جێبەجێ دەکرا. هێرشێکی تایبەت کرایە سەر گەلی کورد کە کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ڕژێمی نەتەوەپەرەست بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر پارتەکەمان. ئامانج لێی لەناوبردنی ڕێکخراوەکە بوو. دەیان ئەندامی پێشەنگی ئەم پارتە دەستبەسەر، زیندانی و شەهید کران. لە دژی هێرشەکان گەلەکەمان گەورەترین ڕۆڵی لە مێژوو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە. چارەسەری قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کوردە. تا کۆتایی لەسەر ڕێگەی شەھیدان بەردەوام دەبین".

لای خۆشیەوە ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات، سەرنجی بۆ دەستکەوتەکانی پەیەدە ڕاکێشا و وتی: "لە شەڕی کۆبانێ بە ڕۆحی ئاپۆیی لە دژی دوژمنی دڕندە سەرکەوتین، هۆکاری ئەم سەرکەوتنە، ڕۆحی سەفەربەرییە، کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد. ئێستاش لەو گڕوتین، ڕۆح و جۆش و خرۆشەدا دەژین، دەبێت هەڵوێستێکی بەهێزمان بەرامبەر بە خیانەت هەبێت، بە ڕۆحی هێڵی سێیەمی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان سەرکەوتنمان مسۆگەر کردووە."

لە مەراسیمەکەدا دیاری پێشکەش بە بناماڵەی شەهید شیلان و جوان کرا. پاشان لە ئاھەنگەکەدا بەرنامەی هونەری پێشکەشکرا، کە لەلایەن ناوەندی کولتووری و ھونەری باقی خدۆ ئامادەکرابوو.

ژ.ن