لە کەمپی هۆل ٢٠ چەتەی داعش دەستگیرکران

لە ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی "ئاسایشی بەردەوام" لە کەمپی هۆل ٢٠ چەتەی شانەکانی داعش دەستگیرکران و چەتەیەکیش کوژرا.

دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایانگەیاند کە لە دژی شانەکانی چەتەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکی  هاوبەشیان  بەناوی 'ئاسایشی بەردەوام' لە کەمپی هۆل و دەوروبەری دەستی پێ کردووە، هێزە هاوبەشەکان تاکو ئێستا ٢٠ چەتەی شانەکانی داعشیان دەستگیرکردووە و یەکێکیشیان کووشتووە و دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.

ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵکوتانەسەر شانەکانی داعش و هاوکارەکانیانە کە هەوڵ دەدەن لە نزیک کەمپی هۆل جێگیر ببن و بچنە ناو کەمپەکە.

ئۆپەراسیۆنەکە لە نێوان کەمپی هۆل و تەل حەمیس، هۆل و حەسەکە، هۆل، عەریشا و شەدادی دا بە ڕووبەری ١٠٠ کیلۆمەتر دەستی پێ کردووە. لەو هەرێمانە جووڵە و چالاکییەکانی چەتەکانی داعش چاودێری دەکرێن.