لە مانگی ئابدا لانیکەم ٦٢ کەس لە عەفرین ڕفێندراون

لە شاری عەفرینی کوردان، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، لە ماوەی مانگێکدا لانیکەم ٦٢ کەس ڕفێندراون، کە ٦ کەسیان ژنن. هەروەها ٤ شوێنی نیشتەجێبوون بۆ داگیرکەران دروستکرا.

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەبەر چاوی جیهان، لە تاوانەکانیان بەرامبەر بە دانیشتوانی ڕەسەنی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو بەردەوامن و ئەو تاوانانەش بریتین لە ڕفاندن، کوشتن، دەستدرێژیکردن، گۆڕینی دیمۆگرافیا و بڕینی دارەکان و ھتد.. .

کوشتنی هاوڵاتیان لە لایەن چەتەکانەوە

بە پێی ڕاپۆڕتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین– سوریا، مانگی ئابی ڕابردوو هاوڵاتییەک بە ناوی عەلی نوری (تەمەن ٦٥ ساڵ) خەڵکی گوندی ئەنقەلەی سەر بە ناوچەی شیێ-ی عەفرینی داگیرکراو کوژراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئۆتۆمبێلێکی چەتەکانی "عەمشات" لەسەر ڕێگەی شیێ-ئەنقەلە خۆی بە عەلی نوریدا کێشاوە، کە بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیەوە بووە.

٦٢ هاوڵاتی ڕفێندراون

بە گوێرەی ئامارەکە، دەوڵەتی تورکى داگیرکەر و چەتەکانی ٦٢ هاوڵاتییان ڕفاندووە، کە ٦ کەسیان ژن بوون و یەکێک لەو ژنانە لەلایەن چەتەکانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی ڕفێندراون ئەو هاوڵاتیانە بوون کە متمانەیان بە بەڵێنە بێ بنەماکانی ئەنەکەسە کردووە و تازە گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین.

هەروەها دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، چەتەکانی و دانیشتوانی بیانی ٤٥٠ داری زەیتوون و میوەی کانتۆنەکەیان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بڕییەوەتەوە، هاوکات دەیان هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخیان سووتاندوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داگیرکەران

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، مانگی ئابی ڕابردوو یەکەیەکی بە ناوی "ئەھل ئەل خێر" بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی "سواسیە" و "گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی مرۆیی نێونەتەوەیی(SDI) " لە نزیک گوندی کەفەروم-ی سەر بە ناوچەی شەرا دورستکردووە و دەستی بە نیشتەجێکردنی بنەماڵەی چەتەکان تێیدا کردووە. لەو یەکەیەدا ١٠٠ باڵەخانە دروستکراون.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوەکانی کەنداوی عەرەبی، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی داگیرکاری لە نزیک گوندی غەزاویەی سەر بە شەرا دروستکردووە کە ژمارەی ئەو باڵەخانانەی تێیدا دروست کراون دیار نییە.

ھەروەھا لە باکووری یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری 'کوەیت ڕەحمە' لە ناوچەی جندرێس، یەکەیەکی دیکە بۆ نیشتەجێکردنی داگیرکەران دروست کراوە. لە نزیک گوندی مەریەمەین لە ناوچەی شێراواش، یەکەیەکی دیکە بۆ داگیرکەران دروست کراوە.

بە وتەی چاودێران، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە شێوەیەکی دڕندانە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی بەرامبەر بە دانیشتوانی ڕەسەنی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو بەردەوامە، بە ئامانجی ترس و تۆقاندن، کۆچبەرکردنیان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو کانتۆنە.

ژ.ن