لە مەنبەج ٣ مناڵ برینداربوون

لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندی تەحنە لە مەنبەج، ٣ مناڵ بە سەختی برینداربوون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ڕۆژئاوای مەنبەج و بەشێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی باب، لە ئەنجامی تۆپبارانەکە لە گوندی تەحنە لە ڕۆژئاوای مەنبەج ٣ مناڵ برینداربوون.

ناوی بریندارەکان؛ وئام ئەلجاسم (١٥ ساڵ)، ئیبراهیم ئەلجاسم (١٢ ساڵ) و جەلال ئەلجاسم (١٤ ساڵ) گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی بەرکەل لە مەنبەج.

ئەندامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەرکەل و یاریدەدەری پزیشک ئەحمەد ئەلعەلی ڕایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی هێرش و تۆپبارانە قورسەکان بۆ سەر مەنبەج و گوندەکانی، 3 منداڵ گەیەنرانە نەخۆشخانەکە، دەستبەجێ گوازرانەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری، لەبەرئەوەی پارچە لە سکی دوو مناڵیان هەبوو، بۆیە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و پارچەکان دەرهێنران".

لە درێژەدا گوتی: " وئام ئەلجاسم لە گورچیلە و گەدەیدا بریندار بووە و سپڵی پچڕاوە، هەروەها گورچیلەی جەلال ئەلجاسم زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و ئەگەری هەیە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەربهێنرێت. ئێستا چاوەڕێین بکەوێتە کار و ئەگەر بەگشتی بوەستێت، ئێمە لایدەبەین، دوای ڕازیبوونی بنەماڵەکەی".

سەبارەت بە مناڵی سێیەم، گوتی: " لە سنگی ئیبراهیم ئەلجاسمەوە بۆنێکی ناخۆش دەهات، چارەسەرمان کرد. ئێستە هەر سێ مناڵەکە لە ژووری چاودێریدان. هەوڵدەدەین ڕزگاریان بکەین".