لە منبج دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی گۆشەگیری و تاوانەکانی داگیرکەری تورک

یەکێتیی ژنانی گەنج لە منبج و دەوروبەری، وەستانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەرامبەر ژنان و مناڵانی هەرێمە داگیرکراوەکان.

چالاکییەکە لە تەنیشت فولکەی میزان لە ناوەندی منبج ئەنجامدرا. ئەندامانی یەکێتییەکە و نووسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و پارتە سیاسییەکان و مەجلیسەکان و ڕیشسپییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمیتەی گەنجان و وەرزش، بەشداری چالاکییەکە بوون.

لە چالاکییەکەدا، ڕاگەیاندراوێک لەلایەن ئەندامی یەکێتیی ژنانی گەنج، زوحا ئەحمەد، خوێندرایەوە. لە سەرەتادا گوتی: «هەموومان لێرەین بۆ شەرمەزارکردنی کارە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانە دژی ژنان و مناڵانی عەفرین، بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دوایی، تاوانی نامرۆڤایەتی بەرامبەر ژنانی عەفرین زیادی کردووە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی نائەخلاقییەوە، وەک دەستدرێژیی و ڕفاندن و هتد».

ڕوونی کردەوە: «گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، درێژەپێدانە بە پیلانگێڕییەکانیان دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کەسێتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا».

یەکێتییەکە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی ڕەتکردەوە، دووپاتی کردەوە: «بەردەوام دەبین لە تێکۆشان دژی ئەم گۆشەگیرییە، تا بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی بۆ هەڤاڵی ژنان، ئەو کەسەی ژنی کردە بناغە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە ئازادی بۆ هەموو ژنانی جیهان لەخۆدەگرێت».

هەروەها گوتی: «لە ناوەندی شاری مەنبەجەوە، پەیام دەنێرین بۆ جیهان و هەموو دوژمنانی مرۆڤایەتی و پێیان دەڵێین: ئێمە ڕازی نابین و ناوەستین تا بەدیهاتنی ئازادی بۆ هەموو ژنان».

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە بەڵێن بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دووپات کرایەوە: «گەلەکەمان و ژنان بەردەوامن لە تێکۆشان دژی ستەم و کۆیلایەتی و هەموو شتێک کە زیان بە ئازادیی ژنان بگەیەنێت، بەردەوام دەبین لەسەر ڕێچکەی شەهیدانی ئازادی تا سەرکەوتن».

هـ . ب