لە مەنبەج دژی گۆشەگیری ڕێپێوان کرا

گەلی مەنبەج دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی جڤاکی مەدەنی و مەجلیسە مەدەنییەکان و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا تێیدا بەشداربوون.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی میزان دەستیپێکرد بە بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمەکان بۆ ستایشی بەرخۆدانی ئیمراڵی و بانگەوازی ئازادی جەستەیی.

پاش گەیشتن بە چوارڕیانی مەسەب لە ناوەندی مەنبەج، ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج، سیماز ئیسحاق، گوتی: "بەناوی یەکێتی ژنانی گەنجی مەنبەج و دەوروبەری ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ ئیدانەکردنی هەموو کارە ستەمکارەکان و گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٤ ساڵە لە گۆشەگیریدایە".  

دووپاتی کردەوە، "ئەوان باش دەزانن پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، هەموو پێکهاتە و گەلان لەخۆدەگرێت و لەسەر ئازادی ژن بونیادنراوە، بۆیە دەیانەوێت ئەم ئیرادە و خۆڕاگری و چەسپاوییە بشکێنن".

سیماز ئاماژەی کرد بە توندکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە گۆشەگیری نوێ دەکەنەوە".

دووپاتی کردەوە: "ئێمە بێ پچڕان و ماندووبوون تێدەکۆشین بۆ بڵاوکردنەوەی هزری دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هاوڕێی ژنان، ئەو بەردی بناغەی ئەم شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەیە لەپێناو ئامانج و سەرکەوتن".

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر درێژدەدان بە تێکۆشان و گوتی: "ئێمە وەک یەکێتی ژنانی گەنجی مەنبەج و دەوروبەری، تێدەکۆشین لەنێو ئەم هزر و شۆڕشەی لەسەر ئازادی ژن دامەزراوە، بەڵێن بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دووپات دەکەینەوە، ئارام ناگرین تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی".

بەگوتنەوەی درووشمەکان بۆ ئازادی جەستەیی و شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانەکە کۆتایی هات.