لە منبج ئۆتۆمبێلێکی داگیرکەران تێکشکێندرا.. ٤ چەتە کوژران

ئەنجوومەنی سەربازی منبج ڕایگەیاند، لە کاتێکی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر گوندەکانی منبج، ئۆتۆمبێلێکی چەتەکان تێکشکێندرا و ٤ چەتەش کوژران.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی سەربازی منبج بڵاویکردەوە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر هەندێک لە گوندەکانی منبج. چەتەکان گوندی خالدییە لە ڕۆژئاوای شاری منبجیان کردە ئامانج. شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە و چەند چەتەیەک کوژران".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چەتەکان هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر گوندی عەرەب حەسەن لە ڕۆژئاوای منبج، بەڵام لە لایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە. لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکی چەتەکان تێکشکێندراوە و ٤ چەتەش کوژران.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە هێڵی ڕووباری ساجوور لە باکووری شاری منبج، شەڕڤانانمان ڕێگەیان نەدا چەتەکان لە بەنداوەکان نزیک ببنەوە. چەتەکان نەیانتوانی هێرش ئەنجام بدەن. لەوێش چەند چەتەیەک  کوژراون و هەندێکیش بریندار بوون".

ژ.ن