لە ڕەقە بۆ پشتیوانی قەسەدە ڕێپێوان کرا

گەلانی ڕەقە بۆ خاوەندارێتیکردن لە قەسەدە ڕێپێوانیان کرد و ڕایانگەیاند، قەسەدە قەڵغانێکە دژی هەموو هەڕەشە و خیانەتێک.

دانیشتووانی ڕەقە و ئەندامانی دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان، گەنجان و خەڵکی سڤیل، پارتە سیاسییەکان، شێخ و ڕیش‌سپیەکان، لەبەردەم بارەگای مەجلیسی گشتی شارەکە کۆبوونەوە و ئاڵای قەسەدە و وێنەی شەهیدانی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم بارەگاکەوە بەرەو چوارڕیانی نەعیم دەستی پێکرد. لەوێ، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، سەمیرە ئەلعابید، گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین تا بە شانازییەوە بەڵێن و دڵسۆزیمان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دووپات بکەینەوە، ئەم هێزانە ئازایەتی خۆیان بەرامبەر تیرۆریستیترین ڕێکخراو بۆ هەموو جیهان دەرخست.

پیلانگێڕی دژی هێزەکانمان پێداگری و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بەها و ڕێساکانیان زیاتر دەکات. فیتنەی دەیرەزۆر بە دەستی دوژمن پێکهات، بە ئامانجی لەناوبردنی هێڵی تێکۆشانی قەسەدە. بەڵام دڵنیاین هەموو فیتنە و پیلانێک لەسایەی قەڵغانی نەتەوەییەوە شکستی پێ دەهێنرێت".

دواتر شێخی عەشیرەتی ئەلسەبخە، تورکی ئەلسەوان، گوتی: "بە ناوی خۆم و شێخ و ڕیشسپیانی عەشیرەتەکانی ڕەقەوە، سڵاو لە هێزەکانی قەسەدە دەکەین، کە قەڵغانێکی بەهێزن بەرامبەر هەموو هەڕەشە و خیانەتێک لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ئەلسەوان لە درێژەدا گوتی: "ئەوانەی هەوڵی دروستکردنی فیتنە و ئاژاوەگێڕی دەدەن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجەکانیان ناگەن".

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بە گیان، بە خوێن، لەگەڵتین قەسەدە" کۆتایی هات.