لە ڕەقە چەتەیەکی داعش دەستگیرکرا

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) توانیان چەتەیەکی داعش دەستگیربکەن کە شوێنی پێگەکانی هەسەدەی لە ڕەقە کۆدەکردەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی (هاوار نیوز) لەگەڵ ئەم چەتەیە، دەرکەوت هەڵگری ناسنامەی فەڵەستینییە و لەدایکبووی ١٩٨٤ ـە، ناوی عەلی محەمەدە، لە ساڵی ٢٠١٥ چۆتە ڕیزی چەتەکانی داعش لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، لەو کەمپی ئاوارە فەڵەستنییەکان کاری بۆ داعش کردووە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، چەتەکە گوتی، پاش پەیوەندیکردنی بە داعش لە دیمەشقەوە ڕوویکردۆتە دەشتاییەکانی سوەیدا بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی دیمەشق و چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٧، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە دەبوو شانە چەتەکان لە دەوروبەری دیمەشقەوە ڕووبکەنە دەشتاییەکانی سوەیدا.

لە چوارچێوەی کارەکانی بۆ چەتەکانی داعش، ساڵی ٢٠١٨ دەچێتە گوندەواری حەلەب، پاشان بەرەو ڕەقە، ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و پێگەکانی هەسەدەی لە ڕەقە و دەوروبەری پێ سپێراوە.

بەگوێرەی دانپایانانەکانی لە چاوپێکەوتنەکە، توانیویەتی پێش دەستگیرکردنی، لە کۆی ئەو ٥ پێگەی پێی سپێردرا بوو ٢ پێگەی هەسەدە دەستنیشان بکات.

بەقسەی فەرماندەیەکی سەربازیی لە شاری ڕەقە، مانگی ڕابردوو توانراوە ئەم چەتەیە دەستگیر بکرێت.

ف.ق