لە ڕەقە گۆشەگیری شەرمەزارکرا

لە ڕەقە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکانی داگیرکەر، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

لە ڕەقە بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا و یەکێتی ژنانی گەنجی ڕەقە، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو. بە سەدان دانیشتووی شاری ڕەقە و گوندەوارەکەی، ئەندامانی مەجلیسی سەربازی و مەدەنی، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لافیتەکان بەرزکرانەوە بە درووشمی " بە ڕۆحی ئاپۆچی خۆتان نوێ بکەنەوە و جەنگی ئازادی سەربخەن" و "لە دژی گۆشەگیری و داگیرکاری و خیانەت ڕووبکەنە جەنگی ئازادی.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم نەخۆشخانەی مناڵانی ڕەقە دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی ژن بەردەوام بوو. لەوێدا ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری. لەلایەن جەماوەرەوە، بە یەک دەنگ، درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی برایەتی گەلان" بەرزکرایەوە.

بەناوی جەماوەرەوە ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن بەڕێوەبەری تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا، محەمەد عەلی خوێنرایەوە. عەلی، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزارکرد و گوتی: "گۆشەگیری پیلانێکی نێونەتەوەییە دژی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە ئامانجی پارچەکردن و داگیرکردنی نوێ. سیاسەتی گۆشەگیری ئیمراڵی، ناتوانێت گەل لە فیکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دووربخاتەوە. ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن. ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئازادی ئێمەیە".

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، بەڵێن دووپاتکرایەوە بۆ درێژەدان بە تێکۆشان لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.