لە ڕەقە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرا

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە ڕەقە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد، بەڵێنیان دووپات کردەوە، تا بەدیهاتنی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان دەکەن.

دەیان بنەماڵەی شەهید و ئەندامانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ڕەقە لە بەردەم بارەگای مەجلیسەکە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە سەبارەت بە هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی داگیرکەری تورک لە ٣ ی ئاب ئۆتۆمبیلێکیان لە قامیشلۆ کردە ئامانج، بەهۆیەوە فەرماندەیەک و ٣ شەڕڤانی هەسەدە شەهیدبوون.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، نادیە ئەحمەد، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ئاشکرای کرد، گەلی دیموکراتیک ڕێگەی ژیانی هاوبەشی دیاریکردووە، مافی خۆیەتی دەسکەوتی هەزاران شەهیدی خۆی بپارێزێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، ئامانج لە بەئامانجگرتنی فەرماندە و بەڕێوەبەر و هاوڵاتیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناوبردنی ئیرادەی ڕۆڵەکانی هەرێمەکەیە، لەپێناو ڕێگە خۆشکردن بۆ زیندووکردنەوەی داعش و داگیرکردنی خاکی سوریا و درێژەدان بە پیلانگێڕییەکان دژی هەرێمەکە و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پرۆژە دیموکراتیکەکەی.

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکرا. هەروەها بنەماڵەی شەهیدان، دووپاتیان کردەوە، ڕێگە نادەن کەس هێرش بکاتە سەر یەکێتی و ئیرادەی گەل، پشتیوانی هێزەکانیان دەکەن و دەسکەوتەکانیان دەپارێزن، هەروەها داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.