لە ڕەقە ئۆپەراسیۆنێک دژی شانەی داعش ئەنجامدرا.. سەرچەتەیەک کوژرا

قەسەدە ڕایگەیاند، لە سەنتەری شاری ڕەقە ئۆپەراسیۆنێکیان لەدژی ئیبراهیم عەلی (ئەبوو موجاهید)، سەرچەتەی داعش ئەنجامداوە و سەرچەتەکە کوژراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، سەرچەتەیەکی داعش کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی شانە نهێنییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، یەکینەکانی دژە تیرۆ(یات) سەر بە قەسەدە، بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش و دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان (سی تی جی) ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ھەماھەنگ، بەتایبەتی لە سەنتەری شاری ڕەقە دژی سەرچەتەیەکی ڕێکخراوی داعش، بە ناوی ئیبراهیم عەلی (ئەبوو موجاهید) ئەنجامدرا. سەرچەتەکە بەرپرس یاخوود ئەمیری گشتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتە.

دوای چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ئەو سەرچەتە تیرۆریستە، یەکینەکانمان بە پاڵپشتی و چاودێری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، چوونەسەر ئەو بینایەیی سەرچەتەکەی تێدا بوو. دەستدڕێژی گولـلە لە یەکەکانمان کرا. ھەربۆیە یەکینەکانمان ناچار بوون، بەرپەرچ بدەنەوە، لە ئەنجامدا سەرچەتەکە کوژرا.

دوای ئۆپراسیۆنەکە هێزەکانمان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرت کە بەو سەرچەتەیە بوون.

ئەو چەک و کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: دەمانچەیەکی جۆری  ئەی کەی-47 و 7 مەخزەن و فیشەکەکانی، 4 مۆبایل، کۆمپیوتەرێک، ئامێرێکی وای فای، پێناسە و بەڵگەنامەی کەسێتی.

ژ.ن