لە قامیشلۆ تەرمی دوو شەهید بەخاکسپێردرا

لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی دوو شەڕڤانی ئەرکی خۆپاراستن، گەلی شارۆچکەکانی تەل بەراک و تەل حەمیس، بەڵێنیان دووپاتکردەوە بۆ تێکۆشان و درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان تا سەرکەوتن.

ئەمڕۆ، سەدان کەس لە هەردوو شارۆچکەی تەل بەراک و تەل حەمیس سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ، لە گۆڕستانی شەهیدانی تەل حەمیس کۆبوونەوە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی دوو شەهیدی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، بەشیر جومعە عەبید و حەیدەر حەمید هیلال، کە لە ٨ ی تەمموز لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە تەل بەراک شەهیدبوون.

پاش گەیشتنی کاروانەکە بە گۆڕستان، ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، دواتر فەرماندەی هەسەدە لە تەل بەراک، دەمهات حەسەکە، ڕۆڵی شەهیدانی بەرزنرخاند و گوتی: "ئەم ئارامییە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە".

دەمهات حەسەکە داوای لە گەلی هەرێمەکە کرد، هۆشیاربن بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی تورک بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلانی بەرخۆدەر و گوتی: "پاشەکشە ناکەین لە ئامانجەکانمان بۆ ئازادی و سەرکەوتن بەسەر داگیرکەراندا".

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەل بەراک، وەعد خلێوی گوتی: "شەهیدان بە جەستە دەڕۆن و وڵاتەکەیان بە خوێنیان وڵات دەپارێزن، هەموو شتێکیان بەخشی لەپێناو وڵاتەکەیان".

وەعد خلێوی بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ تێکۆشان و درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان، بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتوون.

لەکۆتاییدا، ناسنامەی هەردوو شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، دواتر جەستەی پیرۆزیان لە گۆڕستانی شەهیدانی تەل حەمیس بەخاکسپێردرا.