لە قامیشلۆ تەرمی شەهید سەید ئەڤران و ئەسڵان قامیشلۆ بەخاکسپێردران

لە قامیشلۆ تەرمی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) و خەباتکاری چاپەمەنی ئازاد، سەید ئەڤران و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئەسڵان قامیشلۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردران.

هەزاران خەڵکی کانتۆنی قامیشلۆ، بە بەشداری دانیشتووانی هەرێمەکانی تری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەر دوو شەهید، ڕۆژنامەوان و نوسەر شەهید ئەڤران کە ٢٢ ی ئەیلول شەهید بوو، هەروەها فەرماندەی یەپەگە ئەسڵان قامیشلۆ کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٧ ی ئەیلول شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان ماڵئاواییان لێ کرا.

کاروانی شەهید لە گەڕەکی عەنتەریە دەستی پێ کرد، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و جڤاکی و ڕاگەیاندن و سەربازی و ئەمنییەکان، شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکانی عەرەب و کورد، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هاوڕێیانی شەهید و نوسەر و ڕۆشنبیر و کەسێتییە ئایینییەکان، بەشداربوون.

هاوڕێیانی هەردوو دوو شەهید، تەرمی شەهیدانیان هەڵگرت کە بە گوڵ و ئاڵای یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕازێنرابووەوە و تاجە گوڵینەیان هەڵگرت و چوونە گۆڕستانی شەهیدان.

لە گۆڕستان، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە ڕۆحی گیانبەختکردووانی ئازادی دەستی پێکرد. دواتر ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ، شێرۆ شێرۆ، گوتی: "ئێمە سڵاو لە بەرخۆدان و هەڵوێستی گەلی بەرخۆدەری خۆمان دەکەین کە لە دەوری تێکۆشانی شەهیدان و لە تەنیشت تەرمی شەهیدان ئەسڵان و سەید کۆبوونەتەوە".

هەروەها گوتی: " ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە ٢ فەرماندەی بەنرخ دەکەین. ئەمڕۆ ڕۆژی شەهیدانە و بەم بۆنەیەوە، ڕوستەم جودی و ڕوکەن و سارا یاد دەکەینەوە، پێیان دەڵێین کە ئەوان لە دڵماندا دەمێننەوە و هەر خیانەتکارێک کە شەرەفی خۆی فرۆشت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت".

شێرۆ باسی لە ڕۆڵی شەهید ئەسڵان کرد لە شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، پاشان گوتی:" شەهیدان ئەسڵان و سەید مژدە بە ڕوکن و سارا و ڕوستەم دەگەیەنن و سڵاوی ئێوەیان پێ دەگەیەنن و دەڵێن فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک و شوێنکەوتوانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تا ئێستاش لەسەر بەڵێنەکەیانن بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان و ئەم گەلەش هەمیشە ئامادەیە لە دژی دوژمن بوەستێت. بێ گومان پاراستنی مافی ئەو شەهیدانە لەسەر شانی هەرکەسێکە کە میتۆی ئەوان بگەیەنێتە ئەنجام".  

هاوسەرۆکی (تەڤ-دەم)، ڕوکەن ئەحمەد، گوتی: "پارتەکەمان پارتی شەهیدانە، گەلەکەمان سەر بۆ ستەم و داگیرکار دانانەوێنێت".

ڕوکەن، پەیوەست بە گرنگی ئەم ڕۆژە گوتی: " ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، وە مانگێکی مێژووییە. چونکە مانگی شەهیدان و ئەو تێکۆشانەیە کە لە کەسێتی کەمال پیر، خەیری دورموش دژی فاشیستە تورکەکان دەستی پێکرد. تێکۆشەرانی فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەبوون و ناسنامەی کوردیان پاراست".

ڕوکەن ڕۆستەم جودی بیرهێنایەوە و گوتی: "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئەو فەرماندە گەورەیەمان لەبیرە کە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی بۆ شرۆڤە کردین و هیوای سەرەخۆشی بۆ گەلەکەمان دەخوازین".

سەبارەت بە تێکۆشانی ڕۆژنامەوان و نوسەر سەید ئەڤران، گوتی: "هاوڕێ سەید بە پێنوس و وێنە و خەباتەکەی لە ڕاگەیاندندا تێکۆشانی گەل و فیداکاری شەهیدانی پیشاندا. بە شوێنکەوتنی شوێنپێی شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد وەک زیلان و دەنیز و دەیانی شەهیدی تر بۆ دەرخستنی دڕندەیی داگیرکەری تورک بۆ لەبەرچاوی جیهان کەوتە جووڵە".

لە درێژەی قسەکانی گوتی: "نابێت بهێڵین خیانەتکاران لەسەر خاکەکەمان بژین، هەموومان لەم کارە بەرپرسین، ئەم ئەرکە تەنها لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە نییە".

لەکۆتایی قسەکانی گوتی: "دەبێت ڕۆڵەکانمان لەسەر فەلسەفەی شەهیدان پەروەردە بکەین و بەرامبەر فیتنە و ئاژاوەکان لە هەرێمەکە بوەستینەوە و خۆمان ڕێکخستن بکەین".

ڕۆژنامەوان و هاوڕێی شەهید ئەڤران، ستێرک گولۆ، بەناوی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئە)، گوتی: "قسەکردن لەسەر شەهیدان زەحمەتە، شەهید سەید ٣٠ ساڵە هاوڕێمە و شەهید ئەسڵان ٢٥ ساڵە هاوڕێمە. ناتوانین بە قسەکردن مافی شەهیدەکان بدەین".

ستێرک دەربارەی کەسێتی شەهید ئەڤران گوتی: "سەید عاشقی گەلی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات و باکور بوو. کوردی ناوچەی هێنێ یە کە شۆڕشی شێخ سەعید لە دژی ستەم تێیدا سەریهەڵدا. سەید گوتی "باپیرم لەگەڵ شێخ سەعید تێکۆشاوە و من نەوەی ئەوم و کوردم، دەبێت ڕزگاربم".

ستێرک لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "سەید وتەی تایبەتی خۆی هەبوو، لە زاپەوە تا قەندیل تا زارگرۆس تێکۆشا، شەڕڤان و فەرماندە و ڕۆژنامەوان بوو، بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان ڕۆژێک هەنگاوێکی بۆ دواوە نەهاویشت. کاتێک شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، سەید هەر ئەوکات هاتە ڕۆژئاوا، بە پێنوس و کامێراکەی تێکۆشانی کرد بۆ ئەوەی دەنگی گەلەکەی بگەیەنێتە جیهان. لە ڕێگەی پێنوس و نووسینەکانی هاوڕێ سەید هەزاران هاوڕێ و شەهیدمان ناسی. ئەو هەموو مێژووی ڕۆژئاوای دەزانی، چونکە ئەو سەردانی گەلەکەی کردبوو. ئەوە یادەوەری هەموومان بوو".  

ستێرک دووپاتی کردەوە، ڕاگەیاندنی ئازاد یادەوەرییەکی مەزنی لەدەستدا، لە کۆتاییدا گوتی: " دەبێت بە قەڵەم و چەکەکانمان ئێوە زیندوو ڕابگرین. بە خۆشەویستی و ئیرادەیەکی بەرزەوە بەڵێن بە شەهیدەکانمان دەدەین کە شوێنی ئەوان دەکەوین و هەمیشە چەکەکانیان هەڵدەگرین".

پاشان ناسنامەی سەید ئەڤران و ئەسڵان قامیشلۆ خوێنرانەوە و ڕادەستی هاوڕێکانیان کرا، هاوڕێکانیان تەرمەکانیان هەڵگرت و لە گۆڕستان بەخاکیان سپاردن.