لە ساڵی ٢٠١٨ تا ئێستا لە عەفرین زیاتر لە هەزار ژن ڕفێنراون و ٩٩ ژن کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لە عەفرین ڕایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ ـەوە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، لەوکاتەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٩٩ ژن کوژراون و دەستدرێژی کراوەتە سەر ٧٤ ژن و زیاتر لە هەزار ژن ڕفێنراون.

ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لە عەفرین، پەیوەست بە تاوانەکانی دژی ژن لە عەفرینی داگیرکراو ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە کەمپی سەردەمی کۆچبەرانی عەفرین خوێنرایەوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکان و نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنییەکان بەشداربوون.

ئەندامی ڕێکخراوەکە، هەیهان عەلی، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی پاش داگیرکردنی هەرێمەکە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەتایبەت بەرامبەر ژنانی عەفرین، تاوانی ڕفاندن و ئەشکەنجە و هەموو تاوانێکی تریان ئەنجامداوە".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"سەرەڕای یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەشکەنجەی سەر مناڵان ئەنجام دەدرێت. دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە تاوانەکانی دژی ژنان و مناڵان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە، تاوان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی بەم جۆرە ڕیز کردووە:

ڕفاندن: زیاتر لە هەزار ژن ڕفێنراون و چارەنووسی زۆرێکیان نادیارە.

کوشتن: ٩٩ ژن کوژراون. ٩ ژنیان بەشێوەیەکی نادیار خۆیان کوشتووە.

توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر ٧٤ ژن ئەنجامدراوە".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هاوسەرگیری زۆرەملێی مناڵی بچوک تەشەنەی کردووە.

ئێمە وەک چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دەکەین، بە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی خۆیان هەستن بەرامبەر ئەم تاوانانەی دژی خەڵکی مەدەنی لە خاکە داگیرکراوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەت تاوانی دژی ژنان و مناڵان، هەروەها لێپرسینەوە لە تاوانباران و کەسانی تێوەگلاو بکرێت لە نوێنەرانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، وەک نوێنەری گرووپە چەکدارییە سورییەکان. پێویستە فشار لە دەوڵەتی داگیرکەر بکرێت، دەستوبرد لە هەرێمە داگیرکراوەکان بکشێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی سەلامەتی و ئاسایشی گەڕانەوەیان پارێزراوبێت، هەروەها قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیان بکرێتەوە".