لە شەهبا هەزاران کەس لەپێناو ڕێبەری گەلی کورد ڕژانە گۆڕەپانەکان

هەزاران کەس لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا بە درووشمی "نا بۆ بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان" بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و نامە هەڕەشەئامێزەکان بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆپیشاندانیان کرد.

مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێگری دەسەڵاتی داگیرکەری تورک بۆ دیدار و ناردنی نامەی هەڕەشەی کوشتن.

دەیان هەزار کەس لە کۆچبەرانی عەفرین و دانیشتووانی شەهبا لەسەر ڕێگەی نێوان گودنی تەل قەراح و کەمپی سەردەم لە شارۆچکەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبا گردبوونەوە.

خۆپیشاندەران وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە لەگەڵ لافیتەکان بە درووشمی " نا بۆ بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان" و "کاتی ئازادییە" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ".

خۆپیشاندانەکە بە درووشمی ستایشکردنی بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی و سەرکۆنەکردنی سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد.

لەگەڵ گەیشتنی خۆپیشاندانەکە بە گۆڕەپانی سەرەکی کەمپی سەردەم، پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، ئەندامی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، خەبات عەفرین گوتی: "داگیرکەری تورک زیاتر لە دوو ساڵە گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێنێت و ڕێگەنادات پارێزەر و بنەماڵە سەردانی بکەن، ئەوەش لەڕێگەی سزادانی بێ‌ماناوە".

خەبات عەفرین گوتی: "ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی ڕەوانەی ڕێبەر ئۆجالان کراون، لەڕاستییدا لای دەسەڵاتی داگیرکەری تورکەوە هاتوون، چونکە نەیانتوانی گەل لە ڕێبەر داببڕن، بەڵکو نەیانتوانی ڕێگە لە هزری ئازادی ڕێبەر بگرن کە بۆتە خەنجەرێک لە سینەی دیکتاتۆرەکان".

هەروەها گوتی: "لەپاڵ گۆشەگیری سەر ڕێبەرمان، ئێستە بە هێرشی بەردەوام دەیانەوێت قڕمان بکەن، دەیانەوێت پیلانێکی گشتگیر جێبەجێ بکەن، لەلایەک لەڕێگەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر، لەلایەکی تر لەڕێگەی ترساندنی گەل و دوورخستنەوەی لە ڕێبەر".

خەبات عەفرین دووپاتی دەکاتەوە، وەک کۆچبەرانی عەفرین و دانیشتووانی شەهبا، لەسەر ڕێباز و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی و ئازادکردنی هەموو هەرێمە داگیرکراوەکان.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، نەجاح حوسێن، دووپاتی کردەوە، وەک ژنانی هەرێمەکە لەسەر ڕێبازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن کە ڕێگەی ئازادی ژنانی ڕووناک کردەوە.  

هەروەها سیاسەتی داگیرکەری تورکی دەرهەق بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد و گوتی: "گۆشەگیری و ناردنی نامەی هەڕەشەی کوشتن بۆ ڕێبەر شەرمەزار دەکەین، ڕێگە نادەین ئەم سیاسەتە لەسەر ڕێبەری مەزنمان پیادە بکرێت".