لە شێراوا گوندنشینێکی تر ڕفێندرا

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندێکی شێراوای عەفرین، هاوڵاتییەکی دیکەی ڕفاند، چارەنووسی هاوڵاتییە ڕفێنراوەکە هێشتا دیار نییە.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی ناوچەکە، ئەندامانی کۆمەڵەی چەتەی "فەیلەق ئەلشام"ـی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە گوندی بورج حەیدەری ناوچەی شێراوا، هاوڵاتییەک دەڕفێنن بە ناوی عارف گوڵە خەیری. ئەم هاوڵاتییە بەرەو شوێنێکی نەزانراو ڕفێنراوە.

لە ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین_سوریا باس لەوە کراوە، چەتەکان لەپێناو ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەر لەنێوان هەرێمەکانی حکومەتی شام و گوندەکانی شێراوا، گوندی بورج حەیدەریان گەمارۆداوە.

هەروەها ڕایگەیاند، چەتەکان بە ئۆتۆمبیلێک ٥ کیلۆگرام هیرۆین و زیاتر لە ملیۆن و نیوێک حەبی کەپتاگۆنیان لە شارەکانی نوبل و زەهراوە بە ڕێگەی گوندی بورج حەیدەر گواستۆتەوە بۆ عەفرین.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین_سوریا، چەتەکانی "فەیلەق ئەلشام" هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی عارف ئەبو سلێمان (٥٢ ساڵ) لە گوندی بورج حەیدەر و دەستیان گرتووە بەسەر هەموو مۆبایلەکانی خێزانەکەدا.