لە سوریا لە ئەنجامی هێرشی داعشدا ٤١ کەس کوژران

لە سوریا چەتەکانی داعش رۆژی یەکشەممە هێرشیان کردە سەر ئەو شوانکارانەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بوون. لە ئەنجامدا ٤١ کەس کوژران کە ٢٤ کەس مەدەنی بوون، هەروەها ٢٥٠ سەر مەڕوماڵاتیش لەناو چوون.

روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە چەتەکانی داعش لە رۆژهەڵاتی حەما ٣٦ کەسیان لە دەشتاییەکان کوشتووە، کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بوون. بە گوێرەی راپۆرتی روانگەکە لە کۆی ئەو کەسانەی کوژراون ١٧ کەسیان چەکداری لایەنگری حکومەتی دیمەشقن. بەپێی ئاژانسی فەرمی حکومەتیش لەو هێرشەدا ٢٦ کەس کوژراون.

روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ هەروەها رایگەیاند کە لە هەرێمی دێرەزوریش کەسانی چەکداری سەر بە داعش ٥ مەدەنیان کوشتووە. ئاژانسی هەواڵی ساناش ئاماژەی بەوەکردووە کە چەتەکانی داعش سەرەتا ٥ کەسیان کوشتووە و دواتر دەستڕێژی گولـلەیان لە مەڕوماڵاتەکەیان کردووە و ٢٥٠ سەر مەڕوماڵاتیشیان کوشتووە.

هەر لەو ناوچەیە دوو تەرمی کەسانی مەدەنی دۆزرانەوە. روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ لەو بارەوە رایگەیاند کە ئەو دوو کەسانە بەر لە چەند رۆژ لە کاتێکدا بەدوای کۆکردنەوەی دومەڵانەوە بوون لەلایەن چەتەکانی داعش کوژراون.

لەسەرەتای مانگی شوبات بە دواوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی کۆکردنەوەی دومەڵان و گژ و گیاوە کوژراون ٢٥٠ کەسی تێپەڕاندووە. زۆرینەشیان مەدەنین.

دومەڵانی دەشتاییەکانی سوریا یەک لە باشترین جۆرەکانی دومەڵانە و لەسەر ئاستی جیهاندا بەناوبانگە. زیاتر لە نێوان مانگەکانی شوبات و نیسان کۆدەکرێتەوە و نرخەکەشی گرانە. کۆکردنەوەی دومەڵان وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی بژێوی بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە. کیلۆیەک دومەڵان بە گوێرەی گەورەیی و کوالێتیەکەی بە ٥ بۆ ٢٥ دۆلار دەفرۆشرێت. لە سوریا موچەی مانگانە نزیکەی ١٨ دۆلارە.

هـ . ب