لە تەبقە ٩ وێستگەی ئاو لەکارکەوتن

یەکەی ئاوی شاری تەبقە ڕایگەیاند، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی فورات لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ٩ وێستگەی پێدانی ئاو بە تەواوەتی لەکارکەوتوون.

دەیان ئەندامی یەکەی ئاوی تەبقە و نوێنەری نوێنەرانی ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیکی تەبقە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ئەم مەبەستە خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی یەکینەی ئاو، مەحمود شێخ خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خرایە ڕوو کە گرتنەوەی ئاو لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەکارهێنانی ئاو وەک چەکێک بەرامبەر گەلانی هەرێمەکە بەردەوامە.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەکرا بە پێشێلکردنی پەیماننامەکان پەیوەست بە ئاوی ڕووباری فورات لەلایەن دەوڵەتی تورک، گوترا: "لە ئەنجامی پێشێلکردنی ئەو پەیماننامانە ڕێژەی ئاوی بەنداو و دەریاچەکان زۆر کەمی کردووە، لەوانەش بەنداوی تەبقە. ئەم بەنداوە ٤ ملیار مەتر سێ جا ئاوی لەدەستداوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، ٩ وێستگەی پێدانی ئاو بە تەواوەتی لەکارکەوتوون، ئەو کەسانەی سودیان لەم وێستگانە دەبینی، ئێستە لە دەسکەوتنی ئاو بێبەش بوون.

لەکۆتاییدا، بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، ڕۆڵێکی چالاک بگێڕن، گەلی سوریا بەگشتی و گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت ڕزگار بکەن، چیتر نەهێڵن دەوڵەتی داگیرکەری تورک تاوانی جەنگ دژی سورییەکان ئەنجام بدات.