لە ئەحداس یادی سێ شەهیدەکەی یەپەگە کرایەوە

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا مەراسیمی سەرەخۆشییان ڕێکخست بۆ سێ شەڕڤان لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٠ ی حوزەیران شەهیدبوون.

سێ شەڕڤانەکەی یەپەگە،  دڵشێر عەفرین (یەحیا خدر)، تۆڵهەڵدان عەفرین (محەمەد حەمۆ)، ئامەد شێراوا (عەلی داود)، کە بەهۆی بەئامانجگرتنیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە لە شارۆچکەی ئەحداس لە شەهبا شەهیدبوون. پاشان بە مەراسیمێکی بەرفراوان، تەرمی پیرۆزیان لە گۆڕستانی بەرخۆدانی سەدە لە شارۆچکەی ئەحرەس لە شەهبا بەخاکسپێردرا.

مەراسیمەکە لە گۆڕەپانی کەمپی سەردەم لە گوندی تەل سەوسەن لە شارۆچکەی ئەحداس بەڕێوەچوو، هەزاران کەس لە کۆچبەرانی عەفرین و خەڵکی شەهبا و ئەندامانی دامەزراوە و مەجلیسەکان بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدان، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، سورەیا حەبەش، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و تیشکی خستە سەر خۆپاراستن و گوتی: "ئەرکی پاراستنی ئەم خاکە لەئەستۆی ئێمەیە، ئێمە خاوەنی عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپیین. ئەم شارانە بۆ دوژمن جێناهێڵین، ئێمە خاوەنی هەر چوار پارچەی کوردستانین.

هەروەها گوتی: "لەسەر ڕێگەی شەهیدان دەڕۆین و ناهێڵین خوێنی ڕۆڵەکانمان بەفیڕۆ بڕوات و تۆڵەی شەهیدان دەکەینەوە".

عەلی سەلامە بەناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی عەفرینەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "سێ لە قارەمانەکانمان بەهۆی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە وەک کۆتر فڕین بەرەو ئاسمانی نیشتیمان. ئێمە سەری ڕێز دادەنەوێین بۆ شەهیدان، با دوژمن بزانێت ناتوانن بەرخۆدانی ئەم گەلە لەناوبەرن، چونکە ئەمە گەلی ڕێبەر ئاپۆیە و لەسەر هزر و فەلسەفەکەی پەروەردە بووە".

پاش وتەکان، ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، مەراسیمەکە بە گوتنەوەی درووشمەکان کۆتایی هات.