لە عەین عیسا ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕووسیا نیشاندرا

خەڵکی گرێ سپی لە شاری عەین عیسا ڕێپێوانێکیان بۆ سەر بارەگای ڕووسیا ئەنجامدا و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە بێدەنگیی ڕووسیا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دا دەربڕی.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هەڕەشە و هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبانێ، منبج، عەین عیسا و شەهبا، کە هێزەکنی روسیا و سوریاشی تێدایە، بەڵام ڕووسیا بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگە.

خەڵکی گرێ سپی لە کامپەکانی عەین عیسا کۆبوونەوە و بە ڕێکخستنی رێپێوانێک بەرەو ناوەندی شاری عەین عیسا ڕۆیشتنە بەردەم بارەگای ڕووسیا. چالاکوانان داوایان کرد ڕووسیا بێدەنگ نەبێت و لە دژی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەنگاو بنێت.

شا عەساف ئاوارەی تورکمانی لە گرێ سپی وتی: "دەوڵەتی تورک خاکەکەمانی داگیرکردووە و ئێمە چەندین ساڵە بە ناچاری لە کامپەکاندا دەژین. سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەرمان. ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕێگری لە هێرشەکان دەکات و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکات، بەڵام دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک هاوڵاتیانی مەدەنی تۆپباران و بۆردومان دەکات. ڕووسیا هیچ ناکات و بێدەنگ دەبێت. چەندین جار شوێنەکانی نزیک بنکەکانی ڕووسیا بۆردومان کراون، بەڵام ڕووسیا هێشتا بێدەنگە، ئیتر ڕووسیا لەسەر خاکەکەمان چی دەکات؟".

ئەمیرە ڕەفعەت خەڵکی عەین عیسا وتی: "ئەگەر بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەرمان بێدەنگ بن، ئێدی بوونی ئێوە لێرە هیچ واتایەکی نییە".

ژ.ت