لە ئەنجامی ھێرشێک بۆسەر ھێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە لازقییە ٤ سەرباز کوژران

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ھێرشێک بۆسەر ھێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە ناوچەکانی باکووری لازقییە، دوو سەرباز و دوو ئەفسەر کوژران و ٢ سەربازیش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەتەکانی "فەتحولموبین" خاڵێکی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری تل مەلک لە گوندەکانی باکووری لازقییە تۆپباران کردووە. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا ٢ ئەفسەر و ٢ سەربازی حکومەتی دیمەشق کوژراون. هەمان گروپی چەتەکان لە دەوروبەری ئەل سەڕاف لە باکووری لازقیە، ٢ سەربازی حکومەتی دیمەشقیان بریندار کردووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ناوەندە سەربازییەی کە دوێنێ لەلایەن فڕۆکەی شەڕی ڕوسیا لە ڕۆژئاوای ئیدلب بۆردومان کرا، سەر بە چەتەکانی دەستەی تەحریری شامن و ٣ هەفتە لەمەوبەر چۆڵکراوە. لەو هێرشە ئاسمانیەدا ٧ کەس کوژران کە ٣ کەسیان ئەندامی یەک بنەماڵە بوون و یەکێکیان منداڵ بوو. هەروەها ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 ئاماژە بەوەش کراوە، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێک بەر چەتەکانی دەستەی تەحریری شام نەکەوتووە.

ژ. ن