لە ڕۆژی نەورۆزدا کوڕە شەهیدەکەى بەخاک سپارد

لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨دا یەکێک لە ئێزدیەکانی عەفرین لەلایەن داگیرکەرانەوە شەهید کرا. دایە ئەمیرە فواد، کە لە ڕۆژی نەورۆزدا تەرمی کوڕەکەی بەخاک سپاردووە، لە شەهبا بەرخۆدان دەکات و بە هیوای گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.

بەهۆی تیرۆر و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین، هەزاران عەفرینی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بچنە شەهبا. ئێستا لە شەهبا ٧ هەزار ئێزدیی عەفرین بەرهەڵستی و بەرەنگاری دەکەن و هیواخوازن ڕۆژێک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

یەکێک لەو بەرەنگارە ئێزدییانە ناوی ئەمیرە فوادە و تەمەنی ٦٦ ساڵە. خەڵکی گوندی قبرای عەفرینە. لە ١٨ی ئازاردا کاتێک شارەکە داگیرکرابوو کوڕەکەى و ئامۆزایەکی لەلایەن داگیرکەرانەوە شەهید کران.

دایە ئەمیرە لە ڕۆژی نەورۆزدا کوڕەکەی بە دەستی خۆی بە خاکسپارد، بەڵام داگیرکەران نەیانهێشت بچێتە سەر گۆڕی کوڕەکەی.   پاشان مێردەکەی لەلایەن داگیرکەرانەوە ڕفێندرا و بە فدیە ئازاد کرا. سەربازان و چەتەکانی دەوڵەتی تورک چەندین جار ئەشکەنجەیان کردوون. ئەمیرە فواد سەرەڕای هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە شەهبا لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆی بەرخۆدان دەکات و هیواخوازە ڕۆژێک بگەڕێتەوە عەفرینەکەی خۆی.

ئەمیرە فواد ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ پێش ئەوەی عەفرین داگیر بکرێت کۆچی بۆ شەهبا کردبوو، بەڵام کوڕەکەى دواتر گەڕایەوە عەفرین و لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ لە ڕێگای جندرێس لەگەڵ عەڤدۆی ئامۆزایدا لە بۆردومانکردنی بینایەکدا شەهید دەبن. دایە ئەمیرە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵە شەهیدەکەی دەچێتە عەفرین.

ئەمیرە لە بارەی ئەو ڕۆژەوە دەڵێت: تەرمی کوڕەکەم و برازاکەمیان فڕێدایە بەردەممان. دەم و چاوی کوڕەکەم هەڵئاوسابوو و خوێن لە دەمی دەهات. ئێمە تەرمی فواد و عەڤدۆمان برد و لە گوندەکەی خۆمان لە قبار بەخاکمان سپاردن. رێک لە رۆژی نەورۆزدا ئێمە رۆڵەکانی خۆمان بە خاکسپارد.

دوای ئەوەی بە خاکمان سپاردن لە دوای سێ ڕۆژ چووین بۆ شەهبا. ئێمە هاتین بۆ جەبەل ئەحلام. چەتەکانی سەر بە تورکیا  نەیانهێشت بچینە شەهبا. ئێمە سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە و برسی بووین و هیچیان پێنەدەداین. دواتر ڕەوانەی عەفرینیان کردین".

دایە ئەمیرە لە بەردەوامیی وتەکانیادا باسی لەوەکرد، چەتەکانی سوڵتان موراد و موعەتەسەم و حەمزەت لە گوندەکەیان دا جێگیرکرابوون، کاتێک ئێمە گەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان ڕۆژێک چەتەکان هاتن بۆ ماڵەکەمان و چەکیان لێ راکێشاین و وتیان: "ئێوە کافرن، ئێمە هەموو ئێزدیەکان دەکوژین". دایە ئەمیرە وتی: منیش پێم وتن: "ئێمە کافر نین، چەند ئایەتێکم لە قورئان خوێندەوە و بەوە ڕزگاربووم. ئەگەر ئەوە نەبوایە منیان دەکوشت. ئێمە سێ مانگ لە گوندەکەمان ماینەوە و ئەوان سێ جار هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و ئەشکەنجەیان داین".

دایە ئەمیرە ئاماژەی بەوەدا، بۆ جاری دووەم کاتێک چەتەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان مێردەکەیان ڕفاندم و ماوەی ١٢ ڕۆژ هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو، دواتر چووینە عەفرین و پرسیارمان لە تورکەکان کرد و وتی: کاتێک چوومە ژوورەوە تورکەکان لێکۆڵینەوەیان دەکرد. یەکێکیان بە تورکی قسەی کرد. کاتێک وتم مێردەکەمیان بردووە و هیچ هەواڵی نازانین، پێیان وتم، "بڕۆ دوای ٣ ڕۆژ ٥٠٠٠ (پێنج هەزار) دۆلار بهێنە ئێمە مێردەکەت بۆ دەگەڕێنینەوە". من گەڕامەوە. لە شەهبا گەڕام. من زۆر شوێ گەڕام و پارەکەم کۆکردەوە. پارەکەم بۆ بردن و کاتێک رۆیشتم هەمان ئەو کەسە تورکانە دانیشتبوون و ئەوان پارەکەیان لە من وەرگرت و مێردەکەمیان ئازاد کرد. ''

دایە ئەمیرە ئەوەشی وت، دوای چەند رۆژ لە ئازادکردنی مێردەکەم چەتەکان جارێکی تر هەڵیانکوتایەوە سەر ماڵەکەمان و وتی: "هەموو کەلوپەلەکانی ماڵەکەیان تێکوپێکدا و تێکیانشکاندن. کتێبە پیرۆزەکانی ئێزدی و کەلوپەلەکانیان فڕێدایە حەوشەکە و دەیانخستە ژێر پێیان و بەسەریدا دەڕۆیشتن. دوای ئەوە چەکیان لێ راکێشیان و هەڕەشەیان لێ کردین و وتیان: "ئێزدیەکان کافرن، ئێمە ئێزدیەکان دەکوژین".

دایە ئەمیرە لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، "لە عەفرین دڕندەیی ئەنجام دەدەن. داگیرکەران هیچ تامێکیان بۆ ژیان نەهێشتووەتەوە. لە دژی ئێزدیەکان زوڵم و ستەمی قورس و زۆر هەیە. داوام ئەوەیە، تورکەکان و چەتەکانیان عەفرین بەجێبهێڵن. دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان".

ژ.ت