مامۆستایان ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆزدەکەن

بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە، یەکێتیی مامۆستایانی عەفرین و شەهبا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت یونیسێف دەکەن، بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێست وەربگرن.

یەکێتیی مامۆستایانی عەفرین و شەهبا بە ڕاگەیاندراوێک ڕۆژی زمانی کوردییان پیرۆزکرد. بە ئامادەبوونی دەیان ئەندامی یەکێتییەکە لە گۆڕەپانی قوتابخانەی شەهید عەگید چەلۆ لە شارۆچکەی ئەحداس، ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی یەکێتییەکە، ڕۆژبین جومعە، ئاماژەی بەوە کرد گەلی کورد بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردنی کەلتووری و سەرکوت و قەدەغەکردنی زمانی کوردی بۆتەوە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری و یاسایی، ئاماژەی بە ڕۆڵی گۆڤاری هاوار کرد لە ئاشکراکردنی ئەم سیاسەتە و گەشەپێدانی زمانی کوردی.

یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاوار لە ١٥ ی ئایاری ١٩٣٢ بڵاوکرایەوە، هەروەها ٥٧ ژمارەی گۆڤارەکە لەنێوان ساڵانی ١٩٣٢_١٩٤٣ بە پیتی لاتینی و عەرەبی بڵاوکرایەوە، بۆیە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی زمانی کوردی ناسێنرا.

لە ڕاگەیاندراوی یەکێتییەکە هاتووە: «لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، گەلی کورد لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان خۆی ڕێکخست، دامەزراوە و مەجلیس و کۆمیونی پێکهێنا، شۆڕشی زمانی کوردی چالاکیی سەرەکی ئەم دامەزراوانە بووە، وەک دەزانین هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە خولی فێرکردن دەبینن بەگوێرەی ڕیزبەندی (سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی، پەیمانگا و خوێندنی باڵا)، هەریەک لەم پێکهاتانەش بە زمانی خۆیان دەخوێنن، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئەرمەنی و ئاشوری».

ڕوونی کردەوە: «دەسکەوتەکانی گەلی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئاستی پەروەردە هێز و ناسنامە و توانای پاراستنی زمانی دەرخست، دەوڵەتی تورک ترسی لەم پێشکەوتنە هەبوو، بۆیە هێرشی کردە سەر هەرێمەکە و بە زۆرەملێ لە عەفرین ئاوارەکران، هەزاران خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون، پاش داگیرکردنی عەفرین داگیرکەری تورک تاوانی گەورەی بەرامبەر خەڵکی سڤیل و هەرێمەکە ئەنجامدا».

هەروەها ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی کرد بە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەبارەت بە پەروەردە: «لەنێو تاوانەکانی داگیرکەر: گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ بنکەی سەربازی و زیندان و شوێنی ئەشکەنجە و هەندێکیان گۆڕان بۆ ناوەندی ئایینی فەندەمێنتاڵیست».

یەکێتیی مامۆستایان پیرۆزبایی لە هەردوو کانتۆنی عەفرین و شەهبا و گەلی کورد و عاشقانی زمانی کوردی کرد بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە.

ڕاگەیەندراوەکە بانگەواز دەکات: «کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مافەکانی مناڵ (یونیسێف)، هەڵوێست وەربگرن بۆ پاراستنی مناڵان، بەتایبەت مناڵە ئاوارەکان، هەروەها دژی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، تاوەکو خوێندکار و مناڵە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە خاکەکەیان و بە زمانی خۆیان بخوێنن، گوشار و سەرکوت لەسەر زمانەکانمان هەڵبگیرێت و زمانی کوردی لەنێو زمانە فەرمییەکانی جیهان دابنرێت».

هـ . ب