ماوەی مانگێکە بەربەستەکانی دیمەشق ڕێگرن لە گەیشتنی هاوکارییەکانی سلێمانی

هاوکارییەکانی خەڵکی سلێمانی پاش ئەوەی مانگێک بەهۆی بەربەستەکانی دیمەشقەوە ڕاگیرابوون، گەیشتنە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و کانتۆنی شەهبا.

شەوی دووشەممە ٢٠ بارهەڵگری هاوکاری گەیشتە کانتۆنی شەهبا، هاوکارییەکانی شاری سلێمانی مانگێک پێش ئێستا و ئەوانەی کۆبانی هەشت ڕۆژ پێش ئێستا نێردرابوون.

هاوکات شەو سێشەممە، ١٠ بارهەڵگری هاوکاری گەیشتنە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب.

لە ٦ ئادار، بارهەڵگری هاوکارییەکانی خەڵکی سلێمانی بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی ٦ ـی شوبات، گەیشتنە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرەو بازگەی تایهە بەڕێ کەوتن، بەڵام تا ١٤ ـی ئادار لەوێ مانەوە، پاشان ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بارهەڵگرەکانی کشاندەوە بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی دەخرانە پێش تێپەڕینیان لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە.

پاش بڕیاری کشاندنەوەیان لە ١٤ ـی ئادار، دووبارە ئەم هاوکارییانە لەگەڵ دوو بارهەڵگری تری هاوکاری خەڵکی کۆبانی لە ٢٩ ـی ئادار نێردرانەوە بۆ بازگەی تایهە.

لە هەمان ڕۆژدا، هاوکارییەکان لە بازگەکەوە تێپەڕین بەرەو ئەودیو (واتە ناوچەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق)، بەڵام هێزەکانی سەر بە دیمەشق دەستیان گرت بەسەر بەشێک لەم هاوکارییانەدا و سەرانەیان لە شۆفێرەکان وەرگرت، پاشان بارهەڵگرەکان بۆ ماوەیەک ڕاگیران، تا ئەوکاتەی شەوی دووشەممە هاوکارییەکان گەیشتنە دەستی زیانلێکەوتووانی شەهبا و شەوی سێشەممە گەیشتنە دەستی زیانلێکەوتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.

ئەم هاوکارییانە لە خۆراک و پۆشاک و پێویستییەکانی تر پێکدەهاتن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەندامی ئەنجوومەنی هێڵی شەهید ڕووبار قامیشلۆ، بەدران حەمۆ، ڕوونی کردەوە کە ئەم بارهەڵگرانە لە ٦ ـی ئادارەوە لە تەل کۆچەر دەرچوون، بەڵام ئێستا گەیشتوون بەهۆی ئاستەنگەکانی حکومەتی دیمەشقەوە.

حەمۆ سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بەشداربوون لە ناردنی ئەم هاوکارییانە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە، هەروەها گوتی «پاش کارەساتەکە، پێویستییەکانی خەڵک زیادیان کرد، گەلەکەمان لە شاری سلێمانی و هەروەها یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەنواند، بۆیە سوپاسی بێ‌پایانیان دەکەین».

شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان، ئیسماعیل نەعسان، گوتی «هاوکارییەکانمان لە بازگەی تەل کۆچەرەوە وەرگرت و بردمانە شەهبا و گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ئەمەش کاتێکی زۆری خایاند».