ماڵی ئێزیدیان: داگیرکەری تورکیا هەبوون و مێژوو و دیمۆگرافیای ناوچەکانمان بەئامانج دەگرێت

ماڵی ئێزیدیان لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە، داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ڕێگەیەکی نوێیان گرتۆتەبەر «هەبوون و مێژوو و دیمۆگرافیای ناوچەکانمان بەئامانج دەگرن».

ئەمڕۆ، ماڵی ئێزیدیان لە هەرێمی جەزیرە گردبوونەوەیەکیان سازدا بۆ سەرکۆنەکردنی هەوڵی چەتەکان لەپێناو ناچارکردنی ئێزیدییەکان بە گۆڕینی ئایینەکەیان بۆ ئایینی ئیسلام لە عەفرینی داگیرکراو.

لەم گردبوونەوەیەدا لەبەردەم ماڵی ئێزیدیان لە هەرێمی جەزیرە لە شارۆچکەی عامودێ، بە بەشداری دەیان کەس لە پێکهاتەی ئێزیدی و ئەندامانی ماڵی ئێزیدیان، هاوسەرۆکی ماڵی ئێزیدیان لە هەرێمی جەزیرە، لەیلا مەهمۆ بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتووە:

«لە هەنگاوێکدا کە هیچ نامۆ نییە بە ڕەفتاری گرووپە چەتەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەر، پارچە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە و تێیدا شێخێکی فیتنە شایەتوومانی ئیسلامی فێری دوو هاوڵاتی ئێزیدی دەکات لە عەفرینی داگیرکراو، شێخەکە بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە ئەم هاوڵاتییانە هیدایەتیان وەرگرتووە بۆ سەر نیعمەتی ئایینە پیرۆزەکەمان.

دەبینین لوتبەرزانە ئەم ڤیدیۆیە بڵاودەکەنەوە، وەک‌بڵێی سەرکەوتنێکی مەزنیان بەدەست هێنابێت، دەیانەوێت هەستوسۆزی خەڵکی سادە و خۆشباوەڕ بجووڵێنن، ئەو کوشتن و دەستدرێژی و تاوانکارییەیان فەرامۆشکردووە کە تەنانەت بەرامبەر خودی موسڵمانانیش ئەنجامی دەدەن، ئاخۆ تاوانەکەیان لە جەندریس لەیاد دەکەین ئەو کاتەی خێزانێکی تەواویان بە خوێنساردییەوە کوشت بەو پاساوەی ویستویانە ئاگری نەورۆز بکەنەوە».

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «مەگەر ئەوان نەبوون ماڵەکانیان دەسوتاند و دار زەیتونەکانیان دەبڕییەوە و مناڵانیان دەڕفاند و مەزارگەکانیان وێران دەکرد و گۆڕی ئێزیدییەکانیان دەشێواند لە عەفرین و سەرێکانی، ئەوان بەکرێگیراوی داگیرکەر و گەواهیدەری درۆ و عەڕابی مەرگی لەخۆڕان بۆ هەرکەسێک کە داگیرکەر و شوێنکەوتە تاوانبارەکانیان ڕەتدەکاتەوە، ئەوان دەستیان سوورە بە خوێنی کورد و عەرەب و سریان، ئەمانە داردەستەکانی نێو مێژوون و گەندەڵی بە زەویدا بڵاودەکەنەوە».

هەروەها دەڵێن «دەبێت هەمووان بزانن ئەم ڤیدیۆیە بەرئەنجامی ئەشکەنجەیەکی درێژخایەن و تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتنە، ئەم دوو هاوڵاتییە ناچاربوون بەم کارە بۆ ڕزگارکردنی مناڵ و خانەوادەکانیان لە کوشتن، زانیارییەکانی بەردەستمان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە، هەروەها لۆژیک دەیسەلمێنێت ئەو پیرەپیاوەی بەدرێژایی تەمەنی دەستی بە باوەڕەکەیەوە گرتووە هەرگیز بەم سیناریۆ گەمژانەیە دەستبەرداری باوەڕەکەی نابێت».

بەیاننامەکە دووپاتی دەکاتەوە پێکهاتەی ئێزیدی لەبەردەم شێوازێکی نوێدایە، «ئەم شێوازە تیرۆریستان دەیگرنەبەر دژی ئێمە، هەبوون و مێژوو و دیمۆگرافیای ناوچەکەمان بەئامانج دەگرن، دەیانەوێت هەمووان بتوێننەوە لەنێو کەلتووری داگیرکەری تورکیادا، پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خێرا دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگرتن لەم هەوڵانەی خەریکە دەبنە هۆی سڕینەوەی پێکهاتەکەمان».

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەی «کردەوەی قێزەونی ئەم تاوانبارانە و تاوانی ڕادەستکردنی گەریلا هارون بە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەر ئەڵقەی هەمان زنجیرەن کە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی»، لە درێژەدا هاتووە «ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەرامبەر دوو هاوڵاتییە ئێزیدییەکە و ئەنجامدەرانی تاوانی رادەستکردنی گەریلا هارون، کۆتایی و مەرگێکی ڕیسوایانەیان دەبێت».

لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی گەل دەکرێت بۆ تێڕامان لە «کردەوەی قێزەونی ئەم هێزە بەکرێگیراوانە و تێگەیشتن لە مانای ئەم کردەوانە، ئەمانە ڕەفتاری هیستریایین و ڕوویان لەبەردەم هەموواندا هەڵماڵراوە، دەبێت ئاستی جیاوازی ببینین لەنێوان ڕەفتارە ترسنۆکەکانی ئەوان و ئەو ڕاستییانەی لەلایەن ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەنوێنرێتەوە کە پارێزەری کەرامەتی مرۆڤە و بەرگرییە لە بەهاکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی گیانی برایەتی و سڕینەوەی هۆکارەکانی جیاکاری و ستەمە لەنێوان مرۆڤەکاندا».

هەروەک بەیاننامەکە سەرکۆنەی «تاوانباران و شێخەکانی فیتنە و گومڕایی دەکات، ئەوانەی دەبنە کلکی دوژمن و خیانەتکار و سیخوڕ، لەو جۆرەی بێ هیچ شەرم و ئابڕووییەک خیانەتیان لە هارون کرد».

هاوکات لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ماڵی ئێزیدیان ستایشی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە «دەسکەوتەکانی ئیدارەی خۆسەری دەپارێزن کە هیوا و ئومێدە بۆ پێکهاتەکان و مژدەی ئایندەیەکی گەشە کە تێیدا هەمووان دوور لە ڕق و کینە تێیدا دەژین».