مەجلیسی گشتی ١٠٠ مادەی لە یاسای سزادان و حوکمە گشتییەکان پەسەندکرد

ئەمڕۆ مەجلیسی گشتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆی ٣٤٢ مادە ١٠٠ مادەی لە یاسای سزادان و حوکمە گشتییەکان پەسەند کرد.

ئەمڕۆ مەجلیسی گشتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامادەبوونی ٧٢ ئەندامی مەجلیسەکە و ئەندامانی مەجلیسەکانی یاسادانان لە حەوت ئیدارە مەدەنییە دیموکراتەکان و نوێنەرانی مەجلیسی دادی کۆمەڵایەتی، لە هۆڵی کۆبوونەوەی بینای ئیدارەی خۆسەر لە شاری ڕەقە دانیشتنی خۆی بەست.

دانیشتنەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، فەرید عەتا، باسی لە کۆبوونەوەکە و بایەخی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە کرد، دووپاتی کردەوە «ئەم دانیشتنە تایبەتە بە پەسەندکردنی یاساکانی سزادان کە لەلایەن دەستەی دادی کۆمەڵایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە داڕێژراون، لەگەڵ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەندەکانی یاساکانی سزادان و دەستکاریکردنی کە لە ٣٤٢ مادە پێکهاتوون، هەروەها حوکمە گشتییەکان و تاوانەکان و کوشتن و کوشتنی ئەنقەست و دەستدرێژی و تاوانی پارە و تاوانە بچوکەکان لەخۆدەگرن».

یاساکە لەلایەن یاسر سلێمان، جێگری هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتییەوە خوێندرایەوە، بەوردی مادە و بەندەکان ڕوونکرانەوە.

پاشان مەجلیسی گشتی و ئامادەبووان ١٠٠ مادەیان لە کۆی ٣٤٢ مادە پەسەندکرد، وا بڕیارە لە دانیشتنەکانی ئایندەدا مادەکانی تریش پەسەند بکرێن.