مەجلیسی سەربازی مەنبەج: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پوچەڵکرانەوە

مەجلیسی سەربازی مەنبەج ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١ ی ئەیلول پوچەڵکرایەوە، ٢٣ چەتە کوژران و ٢١ چەتە بریندار بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، بە ڕاگەیاندراوێک، ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دژی باکور و ڕۆژئاوای مەنبەج بڵاوکردەوە.

مەجلیسەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەم زانیارییانەی بڵاوکردەوە:

"سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی (1ی ئەیلول) چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی زەمینییان کردە سەر باکور و ڕۆژئاوای شاری مەنبەج، هێرشەکە لە زۆر بەرە و گوندەوە پێکهات، لە ئەنجامدا دانیشتوانی هەرێمەکە کۆچبەر بوون.

هێزەکانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. بەڵام دواتر چەتەکان جارێکی دیکە لە بنکەکانی خۆیانەوە لە کەربیجلی گوندی دەندەنەیان بە هاوەن تۆپباران کرد.

لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گوندی مەحسنلی لە باکوری شاری مەنبەج،٤ مناڵی هەمان خێزان شەهید بوون و لە گوندەکانی عەرەب حەسەن و عەون ئەلدادات لە باکوری مەنبەج، هاوڵاتیانی سڤیل برینداربوون.

ڕۆژی شەممە (٢ ی ئەیلول)، چەتەکان بە تۆپ و چەکی قورس، بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندەکانی باکور و ڕۆژئاوای مەنبەج لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، لە ئەنجامدا دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووان دروست بوو.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هاووڵاتییەکی بەساڵاچوو بە ناوی فاتمە ئەلحاج محمەمەد ئەل خلێف (٧٠ ساڵ) شەهید بوو، چەند هاووڵاتیەکی دیکەش بریندار بوون، هەروەها چەتەکان برای بریندارەکانیان لە ماڵەکەی خۆیان ڕفاندووە.

دوێنێ کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە چەتەکان بەردەوام بوون لە تۆپبارانەکانیان بۆسەر گوندەکانی مەحسینلی و عەرەب حەسەن و هێزەکانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج وەڵامی ئەو تۆپبارانەیان دایەوە.

ڕۆژی ٤ی ئەیلول، چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە هەوڵیان دا بچنە نێو خاڵەکانی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج لە گوندی عەرەب حەسەن، بەڵام هێزەکانمان ئەو هەوڵەیان تێکشکاند و چەتەکانی ناچارکرد هەڵبێن. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکان کوژران و بریندار بوون. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکێندرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرەکانی شەڕ، ٢٣ چەتە کوژراون و 21 چەتە بریندار بوون".