مەجلیسی سەربازیی سوریانییەکان بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا

مەجلیسی سەربازیی سوریانییەکان بانگەوازی لە پێکهاتەکانی سوریانی_ئاشووری_کلدانییەکانی سوریا کرد بەشداری هێزە سەربازییەکان بکەن و وڵات بپارێزن.

فەرماندەیی گشتی مەجلیسی سەربازیی سوریانییەکان دەربارەی ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بڵاوکردەوە و ئەم بانگەوازەی لە هەموو پێکهاتەکان کرد:

"سوریا پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی چەوسێنەر و بکوژ پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ و ناناوەندی. بانگەوازی گەلەکەمان لە پێکهاتەکانی سوریانی_ئاشووری_کلدانی لە تەواوی سوریا دەکەین خاک و وڵاتەکەیان بپارێزن و بەشداربن لە هێزەکانی مەجلیسی سەربازیی سوریانی. بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین پشتگیری لە هەر کەسێک بکەین کە بیەوێت هەنگاوی نوێ بنێت و خزمەتی تەواوی گەلی سوریا بکات. ئێمە هێزێکی سەربازی و پێکهاتەیین و لەپێناو بنیاتنانی سوریایەکی نوێ چەندین شەهیدمان بەخشی.

لەم قۆناغە دژوارەدا گەلەکەمان دەپارێزین. دیسانەوە بەڵێن بە شەهیدانمان دەدەین کە خەونەکانیان بەدی دەهێنین".