مەراسیمێک بۆ شەهید نۆرشین سەرحەد لە حەلەب بەڕێوەچوو

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، مەراسیمێکی بۆ گەریلای هەپەگە شەهید نۆرشین سەرحەد ڕێکخست.

شەهید فەریهان ئیسماعیل (نۆرشین سەرحەد) لە ٨ ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەرێمی گارە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە هێرشی داگیرکەری تورک شەهید بوو، بەو بۆنەیەوە، لە گۆڕەپانی شەهیدانی بەشی ڕۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب، خێوەتی سەرەخۆشی دانرا.

ئەندامانی دامەزراوە مەدنی و سەربازییەکان و مەجلیس و کۆمیونەکان و خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە نمایشێکی سەربازی و خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، فیدان حەسەن، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان و تۆڵەکردنەوەیان.

پاشان ئەندامی کۆنگرەی ستار، نێرگز بەکر، یادی هەموو شەهیدانی بەرزڕاگرت و گوتی: "شەهید نۆرشین میراتێکی مەزنی بۆ جێهێشتین لە عەفرین و حەلەب بەرامبەر هەموو سیاسەتە قێزەونەکان دژی گەل و هێزە سەربازییەکانمان.

هەروەها گوتی: "گەریلا لە چیاکان لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەی ئێمە بەرخۆدان دەکەن، هێزەکانی گەریلا پارێزەر و ڕێکخستنی ئێمەن، شوێنکەوتەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆن".

دایکی شەهید نۆرشین، ئامین ئیسماعیل، شانازی بنەماڵەکەی بە شەهیدبوونی کچەکەیانەوە دەربڕی، ستایشی تێکۆشانی گەریلا و پەکەکە و هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد لە ڕێکخستنی گەلی کورد.

پاشان لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی پەروەردە و فێرکردنی دیموکراتیک، شیار سلێمانەوە، ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و لەنێو هەلهەلەی دایکاندا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.