مەراسیمێکی بەرفراوان بۆ بەخاکسپاردنی شەهیدان یوسرا و لێمان بەڕێوەچوو

هەزاران کەس لە گەلی هەرێمی جەزیرە بەشداربوون لە مەراسیمێکی بەرفراوان بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش، دووپاتیان کردەوە لەسەر ڕێگەی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن.

هەزاران کەس لە گەلی هەرێمی جەزیرە بەشداربوون لە مەراسیمێکی بەرفراوان بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ شەهیدان یوسرا دەروێش وجێگرەکەی  لێمان شوێش (ڕەیحان عامودا)، کە دوێنێ بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورک شەهیدبوون لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ ترپەسپی، مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید ئیسماعیل لە عامودا بەڕێوەچوو.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و کۆنگرەی ستار و تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هاوڕێیان و بنەماڵەی شەهیدان بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان، هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ هێڤی سەید گوتەیەکی پێشکەش کرد، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد. ئاماژەی بەوە کرد، دوژمن ژنە پێشەنگەکان دەکاتە ئامانج، چونکە لە ڕۆڵی قارەمانانەی ژنان دەترسێت، کۆبوونەوەی ئەم جەماوەرە لەم مەراسیمە دەریدەخات هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی گەلانی هەرێمەکە لەناوببات.

بەڵێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان

هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی جەزیرە، تەڵعەت یونس، وتەیەکی پێشکەش کرد، باسی لەوە کرد، داگیرکەری تورک هێرشەکانی زیاد کردووە دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی پشتیوانی تیرۆر و داگیرکردنی زیاتر خاکی سوریا، وەک هەوڵێک بۆ داپۆشینی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا. هەروەها ئاماژەی کرد بە هاوکاتی هێرشەکە لەگەڵ بڕیاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دادگایکردنی چەتەکانی داعش. تەڵعەت چەتەکانی وەک "پەروەردەکراوی تورکیا" وەسفکرد، گوتی: "هەوڵدەدات بۆ لەناوبردنی پرۆژەی دیموکراتیکی گەلان و لەناوبردنی ئیرادەی گەلان. ئەو هێزانەی لە ئاستانە کۆبوونەوە لەسەر حسابی گەلی سوری گرێبەست دەکەن، ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری پیلانگێڕییە دژی گەلە ئازادیخوازەکەمان".

هەروەها یونس ئاماژەی کرد بە بەئامانجگرتنی پێشەنگانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەرچاوی هێزە پارێزەرەکان، گوتی: "بەسە، بەم بێدەنگیە دەبنە هاوبەشی کۆمەڵکوژی. گەلانی هەرێمەکە قوربانی زۆریان داوە لەپێناو ئارامی و ئاسایشی جیهان. دەبێت هەڵوێستی ئەخلاقیتان هەبێ بەرامبەر پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەرپرسیاربن بەرامبەر هیوای سورییەکان".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەسپێشخەری و سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پارادایمێکن بۆ چارەسەری قەیرانی سوری.

لە وتەکەیدا، ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی شەهیدان، گوتی: "ڕەیحان تێکۆشەر و بەرخۆدەر بوو. یوسرا مامۆستا و پێشەنگی ژنان بوو. فورات قارەمان و بەجەرگ بوو. وەک وەفایەک بۆیان، دەبێت گەل لەدەوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکەی کۆببنەوە، سیاسەتی قڕکردن لەناوببەن. ئێمەش بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا بەدیهاتنی خەونی شەهیدان".

"تا ببێتە دەنگی ژنانی ئازاد، ٣٨ ساڵی تێکۆشا"

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستا، ڕۆکەن ئەحمەد بەناوی ڕێکخراوەکانی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ماڵئاوایی لە دوو شۆڕشگێڕی تێکۆشەر دەکەن، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی لێمان شوێش (ڕەیحان عامودا) و گوتی:"ڕەیحان کوردستانییە، چونکە تەنها لە عامودا تێنەکۆشا، بەڵکو لە عامودا و کۆبانێ و قامیشلۆ و عەفرین و ئامەد و مەهاباد و سلێمانی و هەولێر تێکۆشا. لە زاگرۆس و بۆتان تێکۆشانی مەزنی ئەنجامدا. لە ساڵی ٢٠١٦، کاتی ئازادکردنی هەرێمەکە لە داعش، ڕوویکردە مەنبەج و لەگەڵ پێکهاتەکان کاری کرد. تا ببێتە دەنگی ژنانی ئازاد، ٣٨ ساڵ تێکۆشا بۆ ئازادی".

ڕۆکەن ڕوونی کردەوە، پاش بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دادگایی چەتەکانی داعش، ئەردۆگانی هاوپەیمانیان جووڵا بۆ پاراستنیان، گوتی: "دەبێت عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپی و جەرابلوس و ئەعزاز بگەڕێنینەوە. کەسە ئازادەکان گرنگی بە سوریا دەدەن نەوەک کەسە خۆفرۆشەکان کە ئێستە کۆدەبنەوە. بەڵێ دەدەین ڕێگە نادەین بە داگیرکردنی بستێک خاکمان".

"ئیرادەی گەلان سیمبولە و ئیدارە پشتی پێ دەبەستێت"

هاوسەرۆکی یەکێتی سریانی سەنحاریب بەرسوم ڕوونی کردەوە، دوژمن لە سەرەتای مێژووە هەر یەکێکە، ئەویش زیهنیەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە. ئەم دەوڵەتە لەسەر قڕکردنی گەلی سریانی و ئەرمەنی و کورد و عەلەوی و ئێزدی دامەزراوە و لەم هەوڵەی بەردەوامە.

هەروەها گوتی: "ئێمە خاوەن مافین، هەردەم سەردەکەوین چونکە خاوەنی ئیرادەین بەهۆی شەهیدەکانمانەوە. گەلەکەمان لە ناوچەکە بە هاوبەشی دەژین و خوێنمان تێکەڵبووە، بەڵێن بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە بۆ یەکگرتن. ئیرادەی پێکهاتەکان سیمبول و ڕوناکییە و لەسەر ئەم بناغەیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەمێنێتەوە".

"درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان گەرەنتی سەرکەوتنە"

بەناو بنەماڵەی شەهید یوسرا دەروێشەوە، ڕۆشنبیر بەشیر مەلا نەواف گوتی: "هەردوو شەهید سیمبولی ژنی کوردن، شەهیدبوون داستانە چونکە خۆشەویستی لەخۆیدا هەڵدەگرێت. ئەگەر گەل لەسەر ڕێگەی شەهیدان بچێت، بێگومان سەردەکەوێت و پیلانی دوژمن شکست دەهێنێت".

پاشان ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، دواتر تەرمی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش لەسەر شانی هاوڕێکانیان هەڵگیرا و لە گۆڕستانی شەهید ئیسماعیل بەخاکسپێردران.