مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی شەهید عەبدولحەمید لە دەرباسیە بەڕێوەچوو

سەدان دانیشتووی کانتۆنی حەسەکە بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید عەبدولحەمید جەمیل دەروێش، جەختیان کردەوە لە درێژەدان بە خەباتی شەهیدان.

ئەمڕۆ، سەدان کەس لە دانیشتووانی دەرباسیە لە کانتۆنی حەسەکە ڕوویان کردە گۆڕستانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شارۆچکەکە، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، عەبدولحەمید جەمیل دەروێش.

شەڕڤان عەبدولحەمید جەمیل دەروێش، لە ٣٠ ی نیسان. لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی عەین عیسا لە هەرێمی فورات شەهید بوو.

تەرمی شەهید بە کاروانێکی ئۆتۆمبیلی ڕازاوە بە وێنەی شەهید و ئاڵای مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و هەسەدە گوازرایەوە بۆ گۆڕستانی شەهیدان، پاشان تابووتەکەی لەسەر شانی هاوسەنگەرانی هێنرایە نێو گۆڕستانەکە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی دەرباسیە، عەدلە مەستۆ گوتەیەکی پێشکەشکرد، تێیدا ستایشی ڕۆڵی شەهیدانی کرد و بەڵێنیدا بە درێژەدان بە ڕێگەکەیان، گوتی: «سەری ڕێز دادەنەوێین بۆ قارەمانێتی ئەو شەهیدانەی خۆیان فیداکرد لەپێناو ئازادیی گەلەکەیان، بەڵێن بە شەهید حەمید و هەموو شەهیدان دەدەین، چەک هەڵدەگرین و درێژە بە هەنگاوەکانیان دەدەین تا سەرکەوتن».

هەروەک لە مەراسیمەکەدا، گوتەیەک لەلایەن عمران ئۆرکیش، فەرماندەی مەجلیسی سەربازیی عاموداوە پێشکەشکرا، تێیدا ستایشی ڕۆڵی هەسەدەی کرد لە فەراهەمکردنی ئاسایش لە ناوچەکە، گوتی: «هەسەدە لەپێناو ئازادیی گەلدا قوربانی دەدات و بە متمانەوە لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوامە».

مامی شەهید عەبدولحەمید جەمیل دەروێش، ئەکرەم دەروێش، لە گوتەیەکدا بەناوی بنەماڵەی شەهیدەکەوە، بەڵێنیدا درێژە بە هەنگاوی شەهیدان دەدەن، تا بەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان بەرخۆدان دەکەن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ناسنامەی شەهید عەبدولحەمید جەمیل دەروێش لەلایەن ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە دەرباسیە ئیمان دەعدوش خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، پاشان تەرمی پیرۆزی شەهید لەنێو هەلهەلەی دایکان بەخاکسپێردرا.

ف.ق