مەراسیمی سەرەخۆشی ٣ شەهید لە شەهبا

مەراسیمی سەرەخۆشی شەهیدانی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین، ڕزگار وڵات، ڕۆژهات بێکەس و گەریلا ئاڤرین مەعسوم لە شەهبا بەڕێوەچوو.

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، مەراسیمێکی سەرەخۆشییان ڕێکخست بۆ شەهید یوسف حەسۆ (ڕزگار وڵات)، کاوا حەسەن (ڕۆژهات بێکەس)، بێریڤان مستەفا (ئاڤرین مەعسوم).

هەردوو شەڕڤانەکەی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ڕزگار وڵات و ڕۆژهات بێکەس لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٤ ی حوزەیران شەهیدبوون، دوێنێ لە مەراسیمێکی مەزن بەخاکسپێران، بەڵام ئاڤرین مەعسوم کە لە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەژاستار کاری دەکرد لە ١٩ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە گارە شەهیدبوو.

مەراسیمەکە لە کەمپی سەردەم لە گوندی تەل سەوسەن لە شەهبا بەڕێوەچوو، سەدان کۆچبەری عەفرین و شەهبا سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی شەهیدەکان کرد.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، ئامینە عومەر بەناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلی عەفرین کرد، بەڵێنی دووپاتکردەوە بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان.

ئامینە تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی گەلی عەفرین و خۆڕاگریان بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکەری تورک و گەمارۆی حکومەتی دیمەشق، گوتی: "ئێمە بڕوامان بە بەرخۆدانی گەلەکەمانە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرخۆدانەکەی زیاتر دەبێت بەرامبەر گەمارۆی خنکێنەر و هێرشەکانی داگیرکەری تورک".

حەنیف سیدۆ بەناوی مەجلیسی شارۆچکەی شێراوا گوتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلەکەمان بەگشتی دەکەین، سێ شەهیدەکەمان گیانیان بەخشی بۆ ئازادی ئێمە. دەوڵەتی داگیرکەر بە هەموو تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەرمان و هەوڵدەدات لە دۆزەکەمان دوورمان بخاتەوە. بەڵام با دوژمن بزانێت ئێمە خاوەنی دۆزەکەین و لە تێکۆشان ناوەستین".

برای ئاڤرین مەعسوم، عادل مستەفا بەناوی بنەماڵەکەیەوە قسەی کرد و ئاماژەی کرد بەوەی، خوشکەکەی هەمیشە ئامادەبووە بۆ قوربانیدانی مەزن لەپێناو وڵاتەکەی.

پاشان، عادل مستەفا نامەی خوشکەکەی بۆ دایکی خوێندەوە.

دواتر ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکان کرا.

مەراسیمەکە بە گوتنەوەی درووشمی وەفاداری بۆ شەهیدان کۆتایی هات.