مەراسیمی سەرەخۆشی بۆ گەریلای هەپەگە زاگرۆس سەرێکانی ڕێکخرا

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی چلاغا مەراسیمێکی غیابیان ڕێکخست بۆ شەهیدی هەپەگە زاگرۆس سەرێکانی، ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە، لە یەک سەنگەردا دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورک دەوەستن.

بە بەشداری سەدان دانیشتووی گەرکی لەگی و تەل کۆچەر و چلاغا و شاری دێرک لە کانتۆنی قامیشلۆ، بە ئامادەبوونی ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕیش‌سپییەکان، مەراسیمێک ڕێکخرا بۆ گەریلای هەپەگە، زاگرۆس سەرێکانی.

زاگرۆس سەرێکانی، ناوی ڕاستەقینەی جیهاد خالد حوسێن، لە هەرێمی زاپ لە باشوری کوردستان، لە ٢٢ی حوزەیران شەهیدبوو، کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

مەراسیمەکە لەبەردەم ماڵی شەهید لە شارۆچکەی ئەلحەمر، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی گەرکی لەگی، قارەمان محەمەد، ئاماژەی کرد بە تێکۆشانی گەریلاکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان و قوربانیدانیان لەپێناو ئازادی و شکۆی گەلی کورد.

هەروەها بانگەوازی کرد بۆ هاوپشتی و یەکێتی دژی هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئەو دەسکەوتانەی بەرهەمی قوربانیدانی گەریلاکانی تەڤگەری ئازادی کوردستانە.

فەرماندەی مەجلیسی سەربازی دێرک، محێدین خێرکی، جەختی کردەوە لە گرنگی یەکگرتن و گوتی: "بە یەکێتی و یەکگرتن لە سەنگەرێکدا، شکست بە پلانەکانی داگیرکەر دەهێنین کە دەیەوێت شۆڕشەکەمان لەناوببات". بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە پرەنسیپ و ئامانجی شەهیدان.

ئەندامی کۆنگرەی ستار، غالیە سەلمو، ئاماژەی کرد بە بەرخۆدانی هەپەگە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دژی هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورک، گوتی: "ئەم بەرخۆدانە لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە وزە وەردەگرێت، بە تێکۆشانمان لەسەر بناغەی ئەم بەرخۆدانە لە داگیرکەرانی چوار پارچەی کوردستان ئازاد دەبین".

هاوسەرۆکی پەیەدە لە شارۆچکەی چلاغا، سرور شەتە، ئاماژەی کرد بە سیفەتەکانی شەهید زاگرۆس، هەروەها کاروانی تێکۆشانەکەی لە ڕۆژئاوا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لەگەڵ بەرخۆدان و ڕۆڵی وی لە پاراستنی سەرێکانی لەکاتی هێرشەکانی بەرەی نوسڕە و داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٢.

پاشان ناسنامەی شەهید زاگرۆس خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، بنەماڵەی شەهید جەختیان کردەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی شەهید زاگرۆس و هەڤاڵە شەهیدەکانی.