مەسەدە: چارەسەری بە بەهێزكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی دیموكراتیك پێكدێت

نوێنەری ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیك لەئەمریكا بەسام ئیسحاق رایگەیاند؛ كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور "هیچ چارەسەریەكی سیاسی دروست ناكات كە كۆتایی بەئاڵۆزیەكان بهێنێت .....

نوێنەری ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیك لەئەمریكا بەسام ئیسحاق رایگەیاند؛ كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور "هیچ چارەسەریەكی سیاسی دروست ناكات كە كۆتایی بەئاڵۆزیەكان بهێنێت و رایگەیاندووە: "چارەسەری راستەقینە بەبەهێزبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتیك و نیشتیمانی پێكدێت".

دوابەدوای شەش خول لە دانیشتنەكان بۆ نوسینەوەی دەستور لە جنێڤ، دوێنی كاروخەباتی خولی حەوتەمین، كە گۆمان دەكرێت هاوشێوەی خولەكانی دی بەبێ ئەنجام كۆتایی پێ بێت، دەستی پێكرد. لەبەر ئەوەی هەموو هێزە چالاكەكانی ناو گۆڕەپانی خەبات لەسوریادا بەشدار نەبوون، ئەم خولەی دانیشتنەكانیش هاوشێوەی خولەكانی پێشتر هیچ چارەسەریەك، كە لەبەرژەوەندی گەلی سوریادا بێت، ناخولقێنێت.

خولی حەوتەمینی دانیشتنەكانی "كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور" دوێنی لەناوەندی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە جنیڤ بە بەشداریی گیر پیدرسۆن نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بەسوریا دەستی بەكارەكانی كردەوە.

پەیوەندیدار بەبابەتەكە؛ نوێنەری ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیك "مەسەدە"، لەئەمریكا بەسام ئیسحاق دەڵێت: "خولی حەوتەمی كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور بۆ سوریا لەسەر میراسێكە، كە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان گیر پیدرسۆن دەیەوێت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا بەشێوەیەكی قوڵ و ماوەدرێژ گفتوگۆی لەسەر بكەن. پێدرسۆن دەیەوێت ئەو هیوایە بدات كە چارەسەری بەم كۆمیتەی نوسینەوەی دەستوورە پێكدێت و چارەسەری بەگوێرەی لێدوانەكەی ئەو، كە لە ١٤ی ئاداردا دابووی وەكو تاكانە رێ بۆ چارەسەری بەناوی كردبوو.

ئیسحاق دەپرسێت؛ ئاخۆ ئەوانەی بەشداری كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور دەكەن، ئاخۆ ئەم ٥٠ كەسەی خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆن بەناو كردووە، دەتوانن نوێنەرایەتی هەموو گەلی سوریا و بەرژەوەندیی سوریایەكان بكەن؟ بێگۆمان نا. چونكە بەگشتی نوێنەرایەتی هەموو ئەو هێز و لایەنانەی چالاكن لەگۆڕەپانی خەباتدا لەم كۆمیتەیەدا جێگە ناگرن.

نوێنەرەكەی مەسەدە دەشڵێت: "چارەسەری ئاڵۆزی بەدەر لەو كۆمیتەی پێكدێت، چونكە پێكهاتەی كۆمیتەكە لەكەسانی رژێم و ئەو كەس و لایەنانەی كە ئەجیندانی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانن. پێویستی چارەسەری راستەقین و بنەڕەتی بەهێزكردنی ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتیكی نیشتیمانیە كە هەم دەتوانێت ئەو بن بەستەی لە جنێڤ و ئەو ئاڵۆزیەش لەسوریا چارەسەر بكات".

نوێنەرەكەی ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیك "مەسەدە" ئەوەش دەڵێت: "ئەزموونی رێوەبەریی خۆسەر نە ئەزموونێكی كوردی و نە عەرەبی و نە ئیسلامی و مەسیحیەتە و نە بانگەوازە بۆ پارچەكردنی سوریا، كەچی وەكو تاوانبار نیشانی دەدەن و دەڵێت: "ئەم مۆدێلە  ئەزموونێكە هەر بەرەو پێشەوە دەچێت و پێشدەكەوێت و هەوڵدەدات بەرژەوەندی و داواكاریەكانی گەلان پێكبینێت. ئەم ئەزموونە وەكو كۆمەڵەیەكی سیاسییش نییە، كە داوا لە دەوڵەتە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان بكات كە چارەسەری پێكبینێت، بەڵكۆ ئەو بۆخۆی تێدەكۆشێت و چارەسەری دەئافرێنێت."

ژ.ت